عهبدولستار مهجید
30/05/2023
245 جار خوێنراوەتەوە
قسەیەک لە پاش باران
دواجار هەڵبژاردنەکەی تورکیا کۆتاییهات و وەک پێشبینیشمان کردبوو، ئەردۆگان پرۆسەکەی بردەوە.
ئەگەرچی تازە قسە سودی نیە، هەروک پێشوتریش سودی نەبووە و برادەرانی باکور گوێیان لە خەڵکی دڵسۆز نەگرت و لەبری جارێک دووجار هەڵەکەیان کرد و هێلکەی خۆیان خستە سەبەتەی دۆڕاوێکی رەگەزپەرستەوە!
_ "بەشێک" لە کورد لە باکور چی بەرژەوەندییەکی لەوەدابوو کە پشتیوانی کڵچداری کرد کە ڕازی نەبوو هەدەپە ببیتە هێزی حەوتەمی مێزی شەش قۆڵیی و تەنانەت لەوپەڕی لاوازی و بێدەسەڵاتیشیدا، بچوکترین بەڵێنی نوسراوی بە کورد نەدا!
_ جاری پێشوو ئاک پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هەدەپە بوو، داوای هاوپەیمانیی لێکرد، بەڵام "ئایدۆلۆژیا" نەیهێشت هەنگاوە دروستەکە بنێت و پرسی کورد هەنگاوێک بەریتە پێشەوە.
بەداخەوە ئەمجارەش عیبرەتی لە هەڵەی چەند ساڵی پێش ئێستا وەرنەگرت، بە پشتیوانیکردنی کەمالیستەکان، لێدانێکی گەورەیان لە پرسی کورد دا!
_ تێناگەم ئێمە کەی فیردەبین لەبری ئەوەی هەمیشە خۆمان بە قوربانی و نەیارەکانمان بە دوژمن بزانین، سود لە دەرفەتەکان وەربگرین و، میلەتەکەمان نەکەینە قوربانیی میزاج و شەڕی کۆنەقین و ئایدۆلۆژیا!
_ ئەگەرچی ڕەنگە تازە کات بۆ هەندێ شت درەنگ بێت، بەڵام سیاسەت هونەر و تەکتیکە و دەکرێت برادەرانی هەدەپە دەرگایەک بۆ مامەڵە و گفتوگۆ بدۆزێتەوە.
_ لەسەر ئاک پارتیش پێویستە کە ڕێگایەکی دیکەی جگە لەبەکارهێنانی هێز بۆ مامەڵە لەگەڵ پە*کە*کە بدۆزێتەوە و، خولی نوێی سەرۆکایەتی ئەردۆگان، بکاتە قۆناغێکی نوێ لە چارەسەر و کۆتاییهێنان بە شەڕ!
خوای گەورە میلەتی ئێمە بپارێزێ ....
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید