عه‌بدولستار مه‌جید 18/05/2020 829 جار خوێنراوەتەوە

سەرکردایەتی ئەمانەتە و نادرێتە دەست ستەمکار



بابه‌تی سه‌ركردایه‌تی و پێشه‌وایه‌تی كردنی خەڵک و کۆمەڵگە، لە ئەدەبیاتی ئیسلام و قورئاندا، چونكه‌ زۆر هه‌ستیار و په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و چاره‌نووسی هه‌موو مرۆڤاكانه‌وه‌ هه‌یه‌، رێگه‌ نادرێت بدرێت به‌ سته‌مكاران.

خوای پەروەردگار لە قورئاندا دەفەرموێت "وَ إِذِ ابْتَلى‏ إِبْراهِيمَ رَبُّهُ بِكَلِماتٍ فَأَتَمَّهُنَّ قالَ إِنِّي جاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِماماً قالَ وَ مِنْ ذُرِّيَّتِي قالَ لا يَنالُ عَهْدِي الظَّالِمِينَ"

خوای گه‌وره‌ ئیبراهیمی كرد به‌ پێشه‌وا، به‌ڵام ئه‌و حه‌زی كرد ئه‌و پله‌ و پایه‌ بدا به‌ نه‌وه‌كانیشی و خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی ئه‌وه‌ به‌خششه‌ سته‌مكاران ناگرێته‌وه‌.

به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌ كاتێك ئیبراهیم (سەلامی خوای لەسەر بێ) داوا له‌ په‌روه‌ردگار دەکات كه‌ ئاسایش و ژیان و بژێوی ببه‌خشێ به‌وانه‌ی كه‌ بڕوایان به‌ خوداو ڕۆژی دوایی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه،‌ فه‌رمووی نه‌خێر ئه‌وه‌ی كه‌ كافریش بێت مافی هه‌موو جۆره‌ ژیانێكی شایسته‌یه‌ ..

وَ إِذْ قالَ إِبْراهِيمُ رَبِّ اجْعَلْ هذا بَلَداً آمِناً وَ ارْزُقْ أَهْلَهُ مِنَ الثَّمَراتِ مَنْ آمَنَ مِنْهُمْ بِاللَّـهِ وَ الْيَوْمِ الْآخِرِ قالَ وَ مَنْ كَفَرَ فَأُمَتِّعُهُ قَلِيلاً ثُمَّ أَضْطَرُّهُ إِلى‏ عَذابِ النَّارِ وَ بِئْسَ الْمَصِيرُ .

کەواتە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک، بەرپرسیارێتی و ئەمانەتە و پێویستە بدرێتە دەست خاوەنەکانی کە بریتین لە کەسایەتی دادپەروەر، بەڵام وەک دەوترێت (نان و ئەمان) هی هەموو کۆمەڵگەیە بە جیاوازی بیروباوەڕی ئاینیشیانەوە .

ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەتایبەتیش لەم ناوچەیەی ئێمە، بەدەست پشتکردنە ئەم بنەما و دەستورە قورئانییەوە دەناڵێنێت، تا ئەوەش نەچێتەوە سەر سکەی خۆی و خەڵک هۆشیار نەبێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ئاینەکەی خۆی، ئەم مەینەتییە هەر بەردەوام و خۆسەپێنی ستەمکارانیش هەر زیاتر دەبێت !

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا