عه‌بدولستار مه‌جید 26/02/2022 270 جار خوێنراوەتەوە

کەس لە ئیحتیات زەرەری نەکردووە

جیهان ئەم ڕۆژانە بینەری داگیرکردنی وڵاتێک دەبێت لەلایەن ڕوسیاوە ئەویش ئۆکرانیایە، داگیرکردنێک درۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دوڕوویی ئەمریکا و خۆرائاوای بەتەواوەتی دەرخست.

واقیعی ئێستاو مێژووی رابردوو سەلماندویەتی، هەر هێز و لایەن و دەوڵەتێک، پشت لە میللەتەکەی خۆی و روو لە ئەمریکا بووبێت، هەمان چارەنوسی ئۆکرانیای هەبووە.

بەرپرسانی کورد، بەتایبەتیش لە دوای روخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ەوە زۆر پشتیان بە ئەمریکا بەست و بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا زۆر کاریان (بێبەرامبەر) کرد، سەرەنجامەکەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی کورد بوو بۆ هێڵی ٣٦ و پێش داگیرکردنی عێراق!

تەماشای ئەفغانساتان بکە، چونکە لەسەر پێی خۆیان راوەستان و لە خەباتی خۆیان بەردەوامبوون و بیست ساڵ روبەڕوی داگیرکاریی ئەمریکا بوونەوە، سەرەنجام وڵاتەکەیان وەرگرتەوە و ئەمریکایان ناچار بە دانوستان و دواتر هەڵاتن کرد لە وڵاتەکەیان.

پێچەوانەی ئەو واقیع و مێژووە، هێشتا بەرپرسان و دەستڕۆیشتوەکانی کورد، نایانەوێت عیبرەت وەربگرن و لەجێی ئەو هەموو پشت بەستن و هیواهەڵواسینە بە ئەمریکا و خۆرئاوا و بێگانە، ئاوڕێک لەناوخۆ و خەڵک و میللەتەکەی خۆیان بدەنەوە.

هیچ حکومەت و دەسەڵاتێک، چەند پارە و عەسکەر و دەزگای ئەمنی و چەکی هەبووبێت، نەیتوانیوە بەردەوامبێت، ئەگەر ئیرادە و دڵی میللەتەکەی خۆی لە گەڵدا نەبووبێت.

بۆیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم پێویستە زوو بەخەبەر بێتەوە، دەست لە گەندەڵیی هەڵبگرێت، میللەتەکەی خۆی ئاشت بکاتەوە، سامان و پارەی خەڵک بگێڕێتەوە بۆ خەڵک، لەبری لەسەریەک کەڵەکەکردن و پڕکردنی ژێرزەمین و بانکەکانی ئەوروپا لە پارەی دزراو، پشتگیری و پشتیوانیی خەڵک و میللەتەکەی خۆی بەدەستبهێنێت.

جگە لەمە هیچ ڕێگایەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە، ئەگەرنا پێکهێنانی حکومەتی عێراق و رووداوەکانی داهاتوو رەنگە لەبەرژەوەندییان نەبێت، ئەوکاتە نە پەشیمانی دادتان دەدات نە جەنەراڵە خانەنشینە ئەمریکییەکان کەلەسەر نەوتی دزراوی هەرێم بوونەتە ملیاردێر.

دۆستایەتی و پەیوەندی سۆزداریی لەم نەوعەی ئێوە دەیکەن لەگەڵ ئەمریکا و خۆرئاوا، لە دونیای سیاسیدا بوونی نییە، ئەوەی هێزی هەیە دەخوات و دەخوڕێت، ئەوەشی بێهێزە ژێردەستە و خوراوە و زلهێزانیش بەرژەوەندی خۆیان بۆخاتری ئێوە وەلا نانێن.
عیبرەتێک لە داگیرکردنی ئۆکرانیا وەربگرن، باپیرانمان لەمێژە وتویانە "کەس لە ئیحتیات زەرەری نەکردووە" !

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا