عه‌بدولستار مه‌جید 20/12/2020 505 جار خوێنراوەتەوە

... ئەگەر

 

. ئەگەر دەسەڵات و حکومەتی هەرێم خۆی لە ئاستی ئەو پەرلەمانەی متمانەی پێ بەخشیوە، بە گەورەتر نەزانیایە.
ـ ئەگەر پەرلەمانی کوردستانتان بەم دەردە نەبردایە، کە بە دەست سەرۆکایەتیەکی لاواز و پاشکۆوە بووەتە دامەزراوەیەکی شکڵی.
ـ ئەگەر شەفاف و ڕاستگۆ بوونایە لەبەردەم خەڵک و پەرلەمان و ڕێزتان لەو یاسایانە بگرتایە، کە نوێنەرەکانی خۆتان دەریان کردووە.
ـ ئەگەر خۆتان و حکومەتەکەتان لەسەرو یاساوە نەبینیایە و ملکەچی چاودێری و لێپرسینەوە بونایە.
ـ ئەگەر داتا و زانیاریی و گرێبەستەکانی نەوتتان بخستایەتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
ـ ئەگەر لەبری کۆمپانیا هێنان، ڕێگەتان بدایە دیوانی چاودێری دارایی وردبینی و لێکۆڵینەوەی لە پرۆسەی نەوت و داهاتەکەیدا بکردایە.
ـ ئەگەر بۆیەکجاریش بووە لەم هەموو قەیرانەتان گوێتان لە هاوار و برسێتی خەڵک و بێکاری گەنجەکانی خۆمان بوایە .
ـ ئەگەر دەستتان لە لوتبەرزی و بەرژەوەندخوازیی حزبەکانتان بهێنایە.
ـ ئەگەر پەندێکتان وەربگرتایە لە ڕژێم و دەسەڵاتدارە گەندەڵ و ستەمکارە تیاچووەکانی ناوچەکە .
ـ ئەگەر دڵسۆز بونایە و خۆتان بە بەرپرس و مشورخۆری ئەو میللەتە بزانیایە .
ـ ئەگەر دەستتان لە قاچاخشێتی دەروازە سنورییەکان و گەندەڵییەکانتان بهێنایە .....

ئێستا ناچار نەبوون لە دەرگای هەرچی حزب و بەرپرسی عێراقە بووەستن و لێی بپاڕێنەوە تا موچەی دوو مانگتان بۆ بنێرێت و ئەرکی ئێوە بەس دابەشکردنەکەی بێت.

ئەگەر گەندەڵیی زەبەلاح و فەزاحەتی حوکمڕانی نەبێت، بەچی پێوەرێک ناتوانی ئیدارەی سێ پارێزگا بکەیت، بە فرۆشتنی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتێکی زۆری دەروازە سنوورییەکان و ئەو پارە زۆرەی وەک باج و سەرانە سەپاندوتانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا؟!
ئەمەی روودەدات و ئەو نەهامەتییەی بۆ ئەم میللەتەتان سازکردووە، نەتیجەی ئەوەیە کە بەداخەوە ئێوە ئەهلی حوکمڕانیی نین، ئەو دەستەی ئەم هەموو سەروەت و سامان و پارە و داهاتەی کەوتووەتە بەردەست، دەستێکی ناپاک و نائەمینە و هیچی تر ....

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا