عه‌بدولستار مه‌جید 10/03/2020 588 جار خوێنراوەتەوە

فەلسەفەی موچە لای حکومەتی هەرێم


لە بەرئەوەی حکومەتی هەرێم خاوه‌نی هیچ روئیا و فەلسەفەیەکی سیاسیی و سیستمێکی زانستییانەی کارگێڕیی نیبە، هەموو بڕیار و هەنگاوێکیشی خێڵەکیانە و پڕ منەتە!

یەکێک لەو پرسە گرنگانەی ئەم حکومەتە وەک منەت و مەکرەمە بە خەڵکی دەدات موچەیە، ئیشی بە توێژێک بێت لەبری پاداشتی زیادەی بەدەر لە موچە، دابەشکردنی موچەی بۆ پێشدەخات و لە لیستی موچەدا وەزارەتەکەی دەهێنێتە پێشەوە!

موچە مافە، ئەرکە لەسەر حکومەت لەکاتی خۆیدا دابەشی بکات و هیچ بارودۆخێکیش نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوە یان دواخستن لە وادەی دابەشکردنیدا.
تا شەڕی داعش هەبوو، لەبری دابینکردنی جلوبەرگ و سەربازگە و پێداویستی شیاوی سەربازیی بۆ پێشمەرگە، هەموو داهێنانی ئەو حکومەت و پەرلەمانە ئەوە بوو بڵێن پێشمەرگە قوربانیی زۆریداوە بۆیە دەبێ یەکەم وەزارەت بێت موچە وەربگرێت!

ئێستاش کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووه‌تەوە، لەبری ئەوەی هاوشێوەی حکومەتی عێراق پاداشتێکی زیادەی ٥٠٠ هەزار دیناری ببەخشێتە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، حکومەتی هەرێم و وەزارەتە داراییەکەی دێت دابەشکردنی موچەی بۆ پێشدەخات، بۆئەوەی کەسیان بیر لەوە نەکەنەوە بڵێن ئێمەش هەمان ئەو ئیمتیازەی حکومەتی ناوەندیمان دەوێت!

ئەمە ئەو عەقڵیەتەیە کە ٢٩ ساڵە سێ پاڕێزگای بچوک بەڕێوەدەبات و موچە وەک خێر و سەدەقە و پیاوەتی بە خەڵک دەدات، کە دێتە سەرباسی چاکسازیش، بەرپرسە باڵاکانی دەڵێن، وڵاتانی ئەوروپا سەرسامن بە چاکسازییەکانمان!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا