عهبدولستار مهجید
21/11/2023
203 جار خوێنراوەتەوە
سێ قسەی حەق، بۆ هەندێ کەسی ناحەق
لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و داستانی "تۆفانی
ئەقسا"وە هەندێ مەلا دەبینین کە هێندەی جولەکەیەکی زایۆنی، دژایەتی خەڵکی مەزڵومی
غەززە و موجاهیدانی حەماس دەکەن .
ئەم جۆرە کەسانە زۆر بێ شەرمانە میبەری پێغەمبەریش بۆ خزمەتکردنی
سیاسەت و ئەجێندای هەندێ وڵات بەکاردەهێنن، کە دەیانویست بە فەرمی دان بە قەوارە
داگیرکەرەکەی زایۆنییەکاندا بنێن و بۆ هەمیشە کۆتایی بە کێشەی فەلەستین و قودس بهێنن،
بەڵام حەماس و خەباتکارانی غەززە، ریسەکەی لێکردنەوە بە خوری.
ئاراستەکراویی ئەمانە، بەجۆرێکە کە کاریان گەیشتووە
بە پەلاماردانی مێژوی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان و ئێمەمانان بەوە تۆمەتباربکەن،
کە کۆمەڵگەمان دابەشکردووە بۆسەر کوفر و ئیمان و شەڕی هێزە دەسەڵاتدارەکانمان لەسەر
ئەو دابەشکارییە کردووە، کە ئەمە درۆیەکی
شاخدارە، عەیبەیە بۆ کەسێک خۆی بە مسوڵمان بزانێت، لەو ئاستە نزمەدا قسە لەسەر مسوڵمان
بکات.
بەندە هەم سەرکردە و هەم فەرماندەیەکی سەربازیی
بووم لە بزوتنەوەی ئیسلامیی پێشوو، هیچ کات نەمانوتووە ئەو شەڕانەی کردومانە شەڕی
کوفر و ئیمان بووە، بەڵکو ئەوکات و ئێستاش وتومانە و دەیڵێین "شەڕی زاڵم و مەزڵوم
بووە"
چی مسوڵمانێک قبوڵی زوڵم و دەستدرێژی دەکات و بەرگریی
لە خۆی نەکات ؟!
أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ
ظُلِمُوا ۚ وَإِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ
سورەتی الحج ئایەتی (39)
سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری غەزە و ئەو غەزوەیەی
ئێستا لەو خاکە بەرتەسکەی مسوڵمانان بەڕێوەدەچێت، هەر ڕەوت و ڕێکخراو و هێزێکی ئیسلامیی
لە خولگەی پوچگەرایی "وەلی ئەمرییەکان"دا نەخولێتەوە، ئەمانە دەکەونە
دژایەتیکردن تا ئاستی تۆمەتبارکردن و دژایەتیی و درۆهەڵبەستن بۆیان.
چ کارەساتێکی عەقیدەیی گەورەیە، خوای گەورە لە
قورئاندا بەشێک لە جولەکەی بە ترسنۆک و ناخپیس و ڕقاوی و ناپاک وەسفکردبێت، بەڵام
کەسانێک لەسەر مینبەری پێغەمبەرەوە بە جولەکە بڵێ "شێر" و بە مسوڵمانان
و موجاهیدان بڵێ "درۆزن و ترسنۆک"
شەڕی نێوان فەلەستین و قەوارە داگیرکەرەکەی زایۆنییەکان
٧٥ ساڵە بەردەوامە، لە ساڵی ١٩٤٨ دەستیپێکردووە و بۆیەک ڕۆژیش نەوەستاوە.
٧٥ ساڵە ئەم ڕژێمە تیرۆریستە بەردەوامە لە داگیرکردنی خاکی فەلەستین و دەرکردنیان
و دەستگیرکردنیان، کوشتن و هەتک کردن و دەستگیرکردنی ژن و مناڵ و پیروپەککەوتەشیان.
چی ئینسانێک خەباتکارانی قەسام بە تاوانباری ئەم
دۆخەی ئێستا دەزانێت و پێیوابێ دەستپێشخەری شەڕی کردووە، مەگەر خوای گەورە پەردەی
دابێت بەسەر چاویدا و سەری لێشێواندبێت و ڕاستییەکانی لێ ون کردبێت، خوا پەنامان
بدات؟!
خۆزگە ئەم جۆرە بەناو مەلا و بانگخوازانە، هێندەی
ژنێکی ئەمریکی و ئەوروپی کە باوەڕی بە ئیسلامیش نیە، ویژدانیان هەبوایە و بەو قسە
و هەڵوێستە هەڵە و ناپەسەندانەی لەبارەی غەزوەی غەزەوە دەریانبڕی، خۆیان نەخستایەتە
زاویەی زایۆنیزم و بەرەی دژی موجاهیدان و مەزڵومانی خاک و ماڵ داگیرکراوی غەزە .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید