عهبدولستار مهجید
            
           10/09/2023
            262 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        ئاگرەکە لە ناوخۆیەو دوکەڵەکە لە کەرکوک 
            
کێشەی گەورەی ئێمە لە هەرێمی
کوردستانە، لەو پاشەکشە گەورەیە کە لە هەموو بوارەکاندا حوکمڕانیی کوردیی کردویەتی .
لە ئاستی ناوخۆدا، لێکترازانێکی گەورە و خەتەرناک هەیە،
کە مەگەر سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵی نەوەدەکان وەکو ئێستا بووبێت 
.
حوکمڕانیی و پەیوەندییەکانی هەرێم لە گەڵ
وڵاتانی ئیقلیمی و تەنانەت هاوپەیمانانیش لە پاشەکشە دایە، جگە لەو بۆشاییە
فراوانەی لە نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکیدا دروست بووە .
هەرئەمەشە وایکردووە کە
پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن زلهێزانەوە کە بەهۆی ئەوانەوە ئەم
قەوارەیە دروستبووە، کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و بەرەو بێهیوابوون دەڕۆن لێمان، کە
ئەمە سەرەنجامی خراپی دەبێت.
ئێمە لەم دۆخەدا بەرەو کوێی تر دەڕۆین
و چارەسەر چییە، تا ئەوەشی ماوە لەدەستمان نەداوە؟
هەنگاوی یەکەم لە ڕاستکردنەوەی شێوازی
حوکمڕانییەوە دەستپێدەکات .
بەرلەوەی دوژمنی وەهمی بۆخۆمان دروست
بکەین و بڵێین ناحەز و نەیارمان زۆرە، دەبێ ئەو حەقیقەتە بزانین کە گەورەترین
دوژمنی خۆمان، تەنها خۆمانین .
گەندەڵیی و ناعەدالەتی و ستەمکاریی،
قەوارەی سیاسیی هەرێم و ناوخۆی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات، بۆیە بەبێ
چارەسەری ئەم دۆخە نالەبارە، حاڵی ئێستای کورد لە عێراق لەمەی هەیە باشتر نابێت.
بەو هیوایەی کە بەر لەم بارودۆخە نا
هەموارە بگرین و چارەسەرێکی ڕیشەیی بکەین، دەنا هەق نییە بێجگە لە خۆمان گلەیی لە
کەسی دیکە بکەین.
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
            
  
             
            
            هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید