عهبدولستار مهجید
25/09/2019
681 جار خوێنراوەتەوە
هەمواری مادەی (١١٠) خاڵی (٢) و چەند سەرنجێک
عەبدولستار مەجید
ئەم مادەیە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ـ پەسەندکراوی خولی پێشوو، تایبەتە بە ئینتیمای پەرلەمانتار بۆ فراکسیۆنەکەی، بەجۆرێک هەرکاتێک پەرلەمانتار وازی لە فراکسیۆنەکەی هێنا، ئەوا فراکسیۆنەکەی و هێزە سیاسییەکەی دەتوانن لایبدەن و بە کەسێکی دیکە کە لە هەڵبژاردندا دەنگی هێناوە.
بۆیە بەپێویستی دەزانم چەند سەرنجێکی گرنگ بخەمەڕوو:
یەکەم: سەرەتا ئێمە لە خۆمان و ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان دڵنیاین و قسەی ئێمە پەیوەندی بە پرسێکی بابەتیی گرنگەوە هەیە نەک تایبەت!
خەمی ئێمە ڕاستگۆییە لەگەڵ دەنگدەران، چونکە هاوڵاتی لەسەر بنەمای بەرنامەی هەڵبژاردن و بەڵێنەکانی لیستەکە دەنگی بە کاندیدەکان داوە، زوڵمە لە دەنگدەر کە پەرلەمانتار پێویستیڕپێیان نەما بکەوێتە سەنگەر گۆڕین!
دووەم: هەر بەڕێزێک کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە، ئەگەر بە جیا لەو لیستەی لەسەری خۆی کاندید کردووە و دەرچووە، خۆی کاندید بکردایە نەیدەتوانی دەنگ بهێنێت و دەربچێت!
سێهەم: وروژاندنی ئەم بابەتە و هێنانەکایەی ئەم هەموارە بۆ ئەم بڕگەیە، پرسێکی سیاسیی خەتەرە و دوور نیە دەرگا لەبەردەم دەستوەردانی ئەملاولا لەناو فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارەکانیان بکاتەوە!
چوارەم: جێی خۆیەتی فراکسیۆنەکانی دیکە (بەگشتیی) بە جدی لە ئەجێندای پشت ئەم مەسەلەیە ورد ببنەوە!
پێنجەم: ئەمڕۆش لە هۆڵی پەرلەمان باسمکرد و ئێستاش بۆ ڕایگشتیی دەخەمەڕوو، پێویست دەکات سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەم بابەتە هەستیارە وەک پرسێکی ئاسایی سەیر نەکات و بەر لە گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان و دەنگدان لەسەری، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بکات تا بگەینە داڕشتنەوەیەکی هاوبەش کە هەموان (تەوافوق)ی لەسەر بکەین.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید