عهبدولستار مهجید
25/02/2020
710 جار خوێنراوەتەوە
خۆشی و ناخۆشی و قەیرانی ویژدان
تەنها سێ سەعات دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران، خەڵک بە لێشاو پەلاماری بەنزینخانەکانی دەدا و هەبوو بە بەرمیل و دەبەوە چووبوو تا بەنزین پاشەکەوت بکات !
ئاخر پاشەکەوتکردن و هەڵگرتنی بەنزین بۆچی و لە پێناوی چی و ڤایرۆسی کۆرۆنا چی پەیوەندی بە بەنزینەوە هەیە ؟!
لە ڕاستیدا ئەگەر ئەم بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامیی و قەیران دروستکردنە بەشێکی پەیوەندی بە چاوچنۆکی و بێویژدانی چەند کەسێکی هەلپەرستەوە هەبێت تا گیرفانی زیاتر پڕ بکات، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە لاوازی و هیچ کارەیی حکومەتەوە هەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزرایی و بێ متمانەیی خەڵک بە حکومەت، ئەوا بەشێکی زۆریشی خەڵک خۆی لێی بەرپرسە و هەر خۆشی سەرچاوە و هۆکاری دورستکردنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە کە بۆی دروست دەکرێت !
ئێمە میللەتێکی مسوڵمانین کە دێتە سەر پابەندی بە ئیسلامەوە هیچ کەس هێندەی ئێمە بانگەشەی ئەو بابەتە ناکات . ئەی بۆچی کە دۆخێکی تایبەت دێتە پێشەوە هەرکەسە و خەمی خۆی و هەڵپەی خۆیەتی بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە ئەو ڕەفتارەی ئەو جگە لەوەی بارێکی دەرونی زۆر خراپ بۆ هاودین و هاوزمانەکەی خۆی دروستدەکات، ئەبێتە بارێکی قورسی گرانی دارایی و خوڵقاندنی گرانیی کە کۆمەڵگە بەگشتیی و هەژاران بەتایبەتیی زەرەرمەند دەبن !
خۆئەمە تەنها لە ناخۆشییدا نیە وەک ئێستا کە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە، بەڵکو لە خۆشییەکانیشدا هەروایە . بڕوانە ماوەیەک پێش جەژنی قوربان و ڕەمەزان خەڵک چی هەڵپەیەکی دەستخستنی خۆراک و پێداویستییەکانێتی وەک ئەوەی بڵێی لە بازاڕدا نامێنێ و ئیتر دەمرن لەبرسا !
لەولاشەوە چەند بازرگانێکی بێویژدان نەفسیەتی لاوازی خەڵک دەقۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵک لە بازاڕدا تا نرخی بەرز ببێتەوە .
کێ قازانج لەم بەزمە دەکات ؟!
ئێمە کەی فێر دەبین وەک مرۆڤ وەک مسوڵمان ڕەفتار بکەین ؟!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید