عهبدولستار مهجید
23/05/2022
227 جار خوێنراوەتەوە
ئەرێ لە میللەتێک دەچین کە سی ساڵ پەرلەمان و حکومەتمان هەبێت؟
ئەمڕۆ سی ساڵی تەواو بەسەر یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنێک کە پارتی و یەکێتی بەردایە گیانی یەکتر و هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان بەکوشتدا و ئێستاش ئەوە حاڵی پەرلەمان و حکومەتەکەمانە!
ئێمە دوای سی ساڵ لە خۆبەڕێوەبردن و حوکمرانیی خۆماڵیی، خاوەنی حکومەتێکین کە لە پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرتووە، کەچی حساب بۆ پەرلەمان ناکات و زۆریش توڕەی بکەی قوفڵێک لە دەرگاکەی دەدات!
دەسەڵاتی دادگا و دادوەریی لە دونیادا بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و شکۆی میللەت و ڕاگرتنی هاوسەنگیی و چەسپاندنی دادگەرییە، کەچی لای ئێمە کوتەکێکە بەدەست حزب و شەخس و بنەماڵە سیاسییەکانەوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و، پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان!
پەرلەمانیش کە نمایندەی دەنگ و ئیرادەی خەڵکە و راستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، خۆی بۆتە سەرچاوەی کێشەکان و حزبەکانی دەسەڵات کارێکیان پێکردووە کە هەم شلۆی شکێنراوە هەم لە پەلوپۆ خراوە و ڕێگە نادەن بە ئەرکی خۆی هەڵسێت .
دوای سی ساڵ تێپەڕبون بەسەر یەکەم هەڵبژاردن، ئەم حزبە دەسەڵاتدار و ئەم بنەماڵە سیاسییانە، ئێستاش وا دەزانن سەردەمی شاخ و شەڕی ناوخۆیە و، ئەوەی گرنگ نیە دروستکردنی پایەکانی دەوڵەتدار و دامەزراندنی دامەزراوەکان و سەرەوەریی یاسا و پاراستنی شکۆی تاکی کوردە.
هەر بەڕاستی ئەم میللەتە لەوە دەچێت کە سی ساڵ پێش ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجامدابێت و خاوەنی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتێکی دادوەریی سی ساڵە بێت ؟!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید