لهتیف فاتیح فهرهج
03/03/2025
386 جار خوێنراوەتەوە
گەڕان بەدوای چارەسەری ڕیشەییدا
کێشەی خاوەن زەوی و زارە کشت و کاڵیەکانی کەرکوک ، کێشەیەکی درێژو پڕ کەندو لەندە، پڕ کەندو لەند لەو ڕوانگەیەوە کە لایەنی سونەی عەرەبی و هەندێک جار شیعەش وەک بابەتێکی هاکەزایی سەیری چارەسەری دەکەن و وەک چۆن کورد خۆی بەخاوەن ئەو زەویانە دەزانێ و هەروایشە، عەرەبیش دوای دەیان ساڵ بەکارهێنانی بەزۆر خۆی بەخاوەنیان دەزانێت و لایەنی عەرەبیش بەشیعەو سونەوە بۆ بابەتی سیاسی و بۆ دەنگ نایانەوێت دان بەڕاستی خاوەندارێتی کوردا بنەن، بڕواناکەم سیاسیەکی عەرەب هەبێت ، ئەوە نەزانێ کە ئەو زەویانە تا بناری حەمرین موڵکی سەد لەسەدی کوردەو کورد خاوانیانە، بابەتەکە چارەسەری قورسە، لەبەر ئەوەی دانپیانانی ئاکاری و دادوەری گوێزەرەوە نیە، دەنا بەعس کە خۆی هەڵوەشاوەتەوە، دەبێت هەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت عەرەباندن داویەتی هەڵوەشێتەوە، هەڵبەت هەموو بڕیارەکانی دژی کوردیش پێچەوانەی دەستورن.
ئێستا هیمەتێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بەچارەسەر، سەرەتا پێویستە هاوپەیمانی عەرەبیی لەگەڵ کورد بگەنە ئەو ڕاستیەی کەئیدی دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.
هەروەها حکومەت و پارلەمانی عێراقیش ڕاستگۆ بن لە بابەتی دادوەری گوێزەرەوەو چارەسەری برین، من وای دەبینم محەمەد شەیاع سودانی لەوەدا نیەتی زۆر باشەو لەناو سیاسیگەلی سونەو شیعەی عەرەبیشدا خەڵکی زۆر باش هەن کە ڕاستی دیرۆک و ڕابردو دەزانن و دەیانەوێت گۆران وتەنی برایەتی کوردو عەرەب، برایەتیەکی بێ گرێ و گۆڵ و ڕاستینە بێت.
بۆ کوردولایەنی کوردیش یەکدەستی و پێکەوەیی زۆر گرنگەو ناکرێت لەم بابەتە هەستیارەدا دەستی خۆیی خراپ بجوڵێتەوە، دەستی خۆیی پێویستی بە یەکگرتن وپێکەوەییە، من ناڵێم لەو بارەیەوە گەشبینم ، لێ ڕەشبینیش نیم، ئەمڕۆ لەبەغدا بەڕێز خالید شوانی وەزیری دادی عێراقی پێی وتم سودانی لەکرۆکی کێشکە تێدەگات ولەو بارەیەوە بەدوادا چونی خۆی دەکات، بەڵام هەر سودانیش بەس نیە، بۆیە ئەو کارە ڕۆڵی هەمەلایەنەی دەوێت، ئەمە نەک لەبەر کوردو لەبەر ئەوەی ملپێچی محەمەدی کوردی لەمەنگەنە نەدرێت و لەملدا نەجەڕێنرێت، لەبەر سبەینێیەکی بئ کێشە تر، بەرپرسانی شیعەو سونەی عێراق بۆ چارەسەری تەواوی کێشەگەلی نێوان کوردو عەرەب ناکرێ لارە مل و گوێ ڕایەڵی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بن، کێشەکە لەنێو ماڵەکەدایەو چارەسەریش هەر لەوێیە، نەک لە پایتەختی وڵاتانی تر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی لهتیف فاتیح فهرهج