لهتیف فاتیح فهرهج
26/09/2019
745 جار خوێنراوەتەوە
زوڵم نا خیانەتە
1
كاك عەبدولستار مەجیدی پارلەمانتاری كۆمەڵ باس لە سەنگەر گۆڕكێ ی پارلەمانتار دەكاتو وەكو زوڵم نیشانی دەدا، هەڵبەت سەنگەر گۆڕكێ بەو شێوازەی لە كوردستانی باشور هەیە لە خیانەت زیاتر نیە، ئاخر پارلە مانتارێك لە لیستێكدا خۆی بەربژێر دەكات و ئەندام و هەوادار و نزیكی ئەو لیستە دەنگی پێدەدەن، دواتر بە هەر هۆیەكە پشت لە دەنگدەرانی دەكات، ئەوە جگە لە خیانەت چ ناوێك هەڵدەگرێت؟ چۆن دەكرێت متمانە بەكسی لەوجۆرە بكرێت، ئەگەر سبەی خەڵكی كۆمەڵی ئیسلامی لەبەر ئەوەی من لە لیستەكەیاندا بم و دەنگم پێبدەن، دواتر كە دەرچووم لیستەكە و ئەو دەنگدەرە دڵسۆز و ماندوانە جێبێڵم لە كوێی ئاكاردا یەك دەگرێتەوە، ما نابێت پارلەمانتاران رێنوێن وپێشەنگی خەڵك بن، ما نابێت پارلەمان و ناوچە وكۆمیتە جیاوازیان هەبێت، هەموو سەنگەر گۆڕكێیەك نەك لە پارلەمان تەنانەت لە نێوحزبەكانیشدا ئەگەر بۆ پارەو كورسی و لە بەرانبەر خەت مایلی و راپۆرتی جاشیانە بێت، خیانەتە خیانەتێكی قێزەون.
2
سەنگەر گۆڕكێ لە پێناوی پارە و كورسیدا جۆرێكە لەخۆ فرۆشی، هەڵبەت ئەوە خۆ بە كاڵا كردن زیاتر نیە، راستیەكەیش ئەوەیە ئەگەر لایەكی تر زیاتری بداتێ، دیسان ئەوێش دەگۆڕێت، لە كوردستانی خۆمان دیاردەی خۆفرۆشی بە رادەیەكی بەربڵاو زیادی كردووە، ئەمەش وای كردووە دەنگە جیاوازو رەسەنەكان، ئەوانەی ستەم و نادادی قەبوڵ ناكەن، بكەونەبەر تانەو تەشەرو سوكایەتی، یانی خەریكە سەنگەر گۆڕكێ جێ بە نیشتمان پەروەری و ئاكار لێژدەكات ،ئەمە بە رادەیەك پەرەی سەندووە ، حزب هەیە حزبی تری هەیە ، بەڵام بەرەنگ و ناوێكی ترەوە كاری بۆ دەكات ، یانی سەنگەرگۆڕكێی كردووە و لە شوێنی خۆی وەستاو خزمەت بە ئاغاكەی دەكات، ئەم دیاردە ناشرینە خەریكە سەرلەبەری كۆمەڵگە دەكاتە كۆمەڵگەیەكی مادی و گیرفان پەرست بەو مانایەی هیچ شتێك نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزی و مرۆڤ بوون .
لە دنیادا شتێكنیە بەناوی سەنگەر گۆڕكێ بۆ پارەودەسكەوت ، لە دنیادا هەڵوەستەوئاكار هەیە ، دەستەبژێری سیاسی سەیری ئەوە دەكەن كام بەرنامە زیاتر خزمەت بە خەڵك و وڵات دەكات، ئەو دەم بڕیار دەدەن،ئەمەش لە گەڵ ئاكاردا دێتەوە، نەك ئەوەی كاكم لە پڕ حزبەكەی خۆی بە جێبهێڵێت و بە كۆڵێ راپۆرتی جاسوسیەوە خۆی بكات بە باوەشی حزبێكی تردا.
ئەو جۆرە هەمیشە لە دڵەراوكێ و نیگەرانی قوڵدا دەژینبە مانا نەرێنیەكەی بەومانایەی هەمیشە هەست بەخود دۆڕان دەكەن .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی لهتیف فاتیح فهرهج