له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 15/12/2022 203 جار خوێنراوەتەوە

مەرگێ لەناو ملیۆنان مەرگا

 محەمەد عەزیز توکنی ئەو پیاوەی دووکوڕو دووکچ و کۆزێک نەوەی لە ئەنفالی ڕەشدا تیاچوون دوای سی و چوار ساڵ لەژماردنی خولەک و دەمژمێرو ڕۆژو مانگ بەیەکجاری ئەم سەر زەمینی ستەم و نادادیەی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ نێو مناڵدانی زەوی، مەرگی پیاوێک کە سێ دەیە لەمەوبەر بەعس هەموو گلێنەی ئومێدەکانی لێدزی لەمەرگی کەس ناچێت، ئەم پیاوە نەدڵی لەدڵی کەس، نەچاوەڕوانی لەچاوەڕوانی کەس نەمەرگی لەمەرگی کەس چوو، ئاخر مەرگی ئەویش وەک مەرگی خاوەن نەوەیەکی ئاسای بوایە ئێستاهەموو ئەوانەی خرانە چاڵەکانی مردنەوە بەدوای تەرمەکەیەوە دەبوون تاگۆڕستانی توکن، ئەو گۆڕستانەی لە هەشتاو هەشتەوە ئازارو چاوەڕوانی زندوەکان لەئامێز دەگرێت.

محەمەد عەزیز نمونەی مرۆڤی ستەملێکراوی کوردە کە هەرگیز کەس، هیچ کەسێک داوای لێبوردنی لێنەکرد، کەس پێینەوت با لانی کەمی خەمەکەت، کۆستەکەت، چاوەڕوانیەکەت لەگەڵدا بەش بکەم، یەک قونسڵ و نوێنەری وڵاتان سەری بەماڵەکەیدا نەکرد، هیچ سەرکردەو سەرۆک و سەردارو مافیایەکی نەوت چیرۆکەکەی بۆ سەرانی وڵاتان نەگێڕایەوە، ئەو ڕۆی بێئەوەی تەنانەت ئێسک و پروسکی کوڕو کچ و نەوەکانیشی ببینێتەوە، بێ ‌ئەوەی لەسەر گۆڕی یەکێک لەوان چیرۆکی ئەو چاوەڕوانی و مەرگە بگێڕێتەوە کەسی و چوار ساڵ ناخی هاڕی،  مردوداستانی گەورەترین چاوەڕوانی لەمێژودا لەگەڵیدا نرایە گۆڕەوە، بڕوانن ستەمکاری چۆن مرۆڤی کورد وردو خاش دەکات، جگەر گۆشەو ئازیزان دەباتەوەو تۆش ڕادەستی خەم و وێرانی دەکات.

مەرگی محەمەد عەزیزیش وەک مەرگی هەزارانی تر بۆ ئەم حزب و دەسەڵاتە نەبان و تاریکبینە نابێتە پەندو هیچ وانیەکی لێوە وەرناگیرێ لەکاتێکا تەنها چیرۆکی ئەم بەسە بۆ پێکەوە بوون و یەکبوون، ئێمە نەمردنمان لەمردنی کەس دەچێت و نە چیرۆکمان چیرۆکی کەس، ئازاری ئێمە دەستی هەزار دەستی ئاسمان و زەوی دژ و خۆمانی تیایەو محەمەد عەزیزیش تا مرد، جەلادە هاوزمانەکانی بە بەرچاویەوە دەهاتن و دەچوون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

سەرەتا