لهتیف فاتیح فهرهج
22/08/2019
752 جار خوێنراوەتەوە
قەیومەکانی دیکتاتۆری
لهتیف فاتیح فهرج
لادانی سەرۆک شارەوانیە ھەڵبژێردراوەکانی " ئامەد و وان و مێردین " و لە جێیدا دانانی پیاوەکانی ئەردۆغان، جگە لەوەی ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە دیموکراسی، سوکایەتییەکی گەورەشە بە ھەموو ئەو پڕوپاگەندانەی لە تورکیا لە بارەی ئازادی و ھەڵبژاردنەوە دەکرێن، ئەم ھەنگاوە درێژکراوەی کۆی ھەنگاوە قێزەون و ناشرینەکانی ئەردۆغانە، ئەو پیاوەی لەگەڵ غلۆربوونەوەی خۆیدا تورکیاش بەرەو ھەڵدێر دەبات، ئەم کارە سوکایەتی گەورەیە بە ھەموو حزبەکانی تورکیا، بە ھەموو دەنگدەرانی تورکیا، ھەڕەشەیەکی ئاشکراشە لەئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، ئەو پیاوەی بە ھاوکاری کورد ئاکەپەی بۆڕدا.
دانانی ئەم قەیومانە شەرمەزاریەکی گەورەن تەنانەت بۆ دنیای بێدەنگی رۆژئاواش کە ھێشتا بڕوایان وایە دەکرێت ئاکەپە دیموکراسی بێت و ھێشتا ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەوروپادا بە جۆرێک جێی گرتوە، گەرچی لە یەکێتی ئەوروپادا نیە، ھێشتا لە ناتۆدایە و ئەویش دەنگی بەرزە لەو رێکخراوەدا، تورکیا چەند ساڵێکە بە دەست ئەردۆغانەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی نێو خۆی تورکیا لە ئان و ساتی ھەرەسدایە، خاڵەکانی پێکەوە بوون و لێبوردەیی زۆر لاوازن، کەسێک کە لە ھەمووان زیاتر درکی بەو پرسە کردووە، ئێستا لە ئیمرالی لە زیندانایە.
نەیارەکانی ئەردۆغان لاوازو بێھەڵوێستن، جگە لە ھەدەپە، تەنانەت ئەوانەشی لێی جیابوونەتەوە جێی ئومێد نین، خۆ ئەگەر ئەوان لاواز نەبونایە ھەرگیز ئەردۆغان زاتی ئەو گشتە سەرکێشی و گەمژەییەی نهدهکرد، ئەردۆغان تەواوی دەوروبەری تورکیای کردوەتە دوژمنی وڵاتەکەی، ئەوانەی دۆستیشین مامەڵەی باوک و فرزەندیان لەگەڵ دەکات و دەیەوێت لە بن چنگ و فەرمانی ئەودا بن، وەک مامەڵەکانی لەگەڵ بەشە تورکیەکەی قوبرس، تورکەکانی بوڵغاریا، چەتەکانی خۆی لە سوریا، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان.
لەو بڕوایەدا نیم ئاکەپە و ئەردۆغان بتوانن بەم جۆرە درێژە بە حوکمڕانی بدەن، مەگەر پەرە بە ستەمکاری و نادادی و دیکتاتۆری بدەن وەک ئێستا، ھەرچەندە ئەوەش تاسەر درێژە ناکێشێت، ئاکەپەو ئەردۆغان، نەک لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، تەنانەت لەگەڵ ئەمەریکا و بەشێکی زۆری ئەوروپاش لە کێشەی گەورەدان، ئاخۆ ئەمە واناکات کە ئیتر ئەمەریکا بە نەیارەکانی ئەردۆغان بڵێت ئیدی ئەو کوڕی لەبەر دڵانی ئەمەریکا نیە، ھەرکاتێکیش ئەوە وترا، ئێ دیارە چی ڕوودەدات.
من چاوەڕوانی ھیچ ھەڵوێستێکی ئەرێنی لەھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو ستەم و نادادیە ی تورکیا ناکەم، بەڵام خۆ لانی کەم ناکرێت ئەم ھەرێمە بۆ تورکیا ئەوەندە بەندەیەکی گوێڕایەڵ بێت، دەکرا لە سەر لادانی سەرۆک شارەوانیە ھەڵبژێردراوەکان، کە دۆست و کەس و نزیکی ھەرێمی کوردستانن، لانی کەم یاداشتێک بدرایەتە ئەمەریکا و ئەوروپا، لە یاداشتەکەدا جگە لەباسی پەلامارەکانی ئەمدواییە و گرتن و بریندار کردن و زەرەر و زیان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، باسی دانانی قەیومەکان و پێشێلکردنی مافی کورد لەباکور بکرایە.
ھەڵبەت ئەگەر ئێستا پیاوێکی وەک نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوایە نەیدەھێشت نەحزبەکەی نەمیدایایەکەی ئەوەندە بێدەنگ و بێھەڵوێست بن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی لهتیف فاتیح فهرهج