لهتیف فاتیح فهرهج
10/12/2025
52 جار خوێنراوەتەوە
هەموو شتێ دەربارەی چەمچەماڵ و شۆڕش
1
ئەمڕۆ 10ی كانونی
یەكەمی 2025 یەك ڕۆژ دوای ئەو كارەساتە سروشتیەی بە سەر چەمچەماڵ و شۆڕشدا هات بە
پێ بۆ ماوەی سێ كاتژمێر هەموو ناوشاری چەمچەماڵ گەڕام و سەردانی چەند ماڵێكیشم
كرد، تا لە نزیكەوە نەیبینی نازانی چی بەسەر ئەو خەڵكە هاتوە، جگە لەوەش شارەكە
پێویستی بە پاككردنەوەی زۆرە، ئەوەی ئازاری منیدا شار هێشتا ئەوەی پێوە دیار نیە
كە خاوەنی هەبێت، ترسی ئەوەشم هەیە ئەو یارمەتی و شتانەی دێت بۆ میدیاو كەناڵ پەخش
بكرێت و وەك منەت بە خەڵكی شارەكە بدرێت، چونكە ئەم شارە سواڵكەر نین و نایانەوێت ئەوەی
بۆیان دەنێردرێت بكرێتە هەواڵ و چالاكی میدیایی بۆ ئەم و ئەو.
2
9 ی مانگ دوێنێ ئەگەر
ئەو كارەساتە بە شەو ڕویبدایە ڕەنگە زیانی گیانی سەدان كەس بگرە زیاتر بوایە،
ئەوەی بۆ ماوەی چەند سەعاتێ لە چەمچەماڵ و شۆڕش ڕویدا لافاو نەبوو بگرە چەند
ڕوبارێكی مەترسی دار بوو ڕویی لە شارەكە كردبوو، هەموو شاری لە یەك دابڕیبوو،لە
شۆرش پیریادی مەترسیدار ترین شوێن بوو، دۆستێك لەشەو وڕۆژێكدا ئەم داتایانەی
كۆكردوەتەوە " 200 ماڵ بەگشتی زیانیان بەركەوتوەو شتیان بۆ دەرنەچووە، 500
ماڵ نیوەبە نیوە زیاندار بوونە، 750 ماڵ زیانی زۆركەم.ئاو ڕۆسشتوەتە ماڵیانەوە، 20
كۆگای گەورەی خۆراك و كەل و پەل زیانی زۆریان بەركەوتوە، 17 قوتابخانە، 6
فەرمانگەو بەڕێوەبەرێتی، 360 دوكان و پیشەوەر زیانمەند بوونە، 90 ئۆتۆمبیل زیانی
زۆریان بەركەوتوە، ئەوە جگە لە 2 شەهید و 12 بریندار، ژینگەی شارەكەش پیس بووەو
زیانی زۆر بەر شارو دارو درەختی شار كەوتوە.
3
ئەوەی زۆر ئازاری منیدا
كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ بوو، ئەو شوێنەی ئەوەی لەم شارە یادەوەری لە گەڵ كتێب
هەبێت، ئاشنای بووە، كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ ئەمە یەكەم جاری نیە بەو دەردە
دەچێت، نەك بۆ كتێبخانە بۆ تەواوی شارەكەو دیمەنەكانی دوێنێ چەند جارێك خۆم نەگرت
و گریام، خواخوام بوو كەس پەیوەندیم پێوە نەكات، دەمویست لە گۆشەیەكا دابنیشم و
تێر بگریم، مرۆڤ كە دەستە پاچە دەبێت دڵی دەتەقێت.
4
بە درێژایی مێژوو
چەمچەماڵ خزمەتی كوردستانی گەورەی كردوە، پەناگەی خەڵكی شوێن و شاری تر بووە، چەند
ساڵ لەمەو بەر لێرەوە هاوكاریمان برد بۆ سەرپێلی زەهاو، بۆ ڕۆژئاواش ئەوە كرا، ساڵی
1988 تەنها شار بوو ماوەیەكی كەم دوای شەهیدكردنی هەڵەبجە بە گژ بەعسدا چوەوە،
قوربانی زۆری داوە، ئەو ڕۆژەش شەهیدو برینداری هەبوو، كەچی ئەم حكومەتەی ئێستا بروسكەی
بۆ دەكات و دڵی لایەتی، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، هەروەها سەرۆكی هەرێمیش ئامادە
نەبوون، تەنها ناوی شاری شەهیدو ئەنفال بە باڵای ئەم شارە ببڕن.
5
یەك دوو ڕۆژ لەمەوبەر
لە سەرۆكایەتی زانكۆی چەرمو، ڕێكخراوی فیژن بە هاوكاری زانكۆ كۆنفراسێكیان بۆ
پەرەپێدانی چەمچەماڵ چێكردبوو، من لە بەشی یەكەمی كۆنفراسەكە هەستام و ڕۆیشتم، عەدنان
عوسمان وتی مەڕۆ، وتم هیچ بیانویەك نیە بۆ مانەوەم، بەیەك دوو دۆستم وت دەبوو بەر
لەم كۆنفراسە ئەو میوان و خەڵكانە لە چەمچەماڵەوە تا باسەڕەو سەنگاو لەم لاوە تا
قادركەرەم و چەباری، ئەم دیوو تا یەكتربڕی سەیدان و بە تەكێشدا تا دەربەندی بازیان
ببرانایەو ئەو ناوچانەیان نیشانبدرایە ئەو دەم ئەم كۆنفراسە بكرێت، كوا شاری
مۆدێرنی غازی، كوا دیزاینی ڕێی كۆرو مۆر، قادركەرەم، چەمچەماڵ ئەوەی لە سەر كاغەز
هەبوو، كوا بەڵێنەكەی حكومەت و ئەحمەد ئیسماعیل بۆ كارەبای 24 سەعاتی شارەكە، ئێستا
كارگەی خشتی سور هەیەلەم سنورە بەرهەمی ڕۆژانەی 1200 تەنە بە خۆڵ و خاكی ئەم
ناوچەیە، لێ هیچ خێرێكی بۆ شارەكە نییە.
6
گروپی ڕا كۆمەڵێك گەنج
و خەڵكی شارەكەن، كاتی خۆی داوایان لە منیش كرد لەتەكیاندا بم، وتم باخۆیان كاری
خۆیان بكەن، ئێمە كەممان نەكردوە، هاوكاریانین دەستیان لە سەر هەندێ برین داناوە،
لانی كەم ئێستا دەبوو هەندێك كەس خۆیان شكستی خۆیان ڕابگەیاندایەو كورسیەكەیان
چۆڵبكردایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی لهتیف فاتیح فهرهج