له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
09/09/2022
238 جار خوێنراوەتەوە
كامێرای جادە و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی
1- ئه‌وه‌ی له ناكاودا لێره و له‌وێ ملیۆنێری دۆلار بێ ڕشتنی تۆزێ ئه‌ره‌ق هه‌ڵده‌تۆقێ، ئاكامی گه‌نده‌ڵیی حكومه‌ت و له بیركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و چاكه‌ی گشتییه، حكومه‌ت پێویستی به ته‌حه‌ددا نیه لەگه‌ڵ خه‌ڵكدا، پێویسته خه‌ڵك كاره‌كانی ببینێت و گه‌واهی بۆ بدات، سی ساڵه خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ داوای دابین كردنی ئاوی پێویست ده‌كه‌ن، مژده هه‌یه و پاره نیه، لێره‌دا حكومه‌تی مژده دواجار به حكومه‌تی درۆ ناو ده‌رده‌كات، وه‌ك شوانه ساخته‌چییه‌كه، به ڕاستیش گورگ بدات له مه‌ڕه‌كه‌ی كه‌س باكی نیه، كه‌ی حكومه‌ت له هه‌نگاونان بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك سه‌ره‌تا هات به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی نیشان خه‌ڵك دا و سه‌لماندی ئه‌م كاره بۆ گشت خه‌ڵكه، ئه‌وده‌م مژده له لایه‌ن گشته خه‌ڵكه‌وه ڕێزی لێده‌گیرێت.
2- جاده‌وبانت نیه، ئۆتۆبانت نیه، ته‌نانه‌ت نیشانه‌كانی هاتوچۆی دروست و هه‌روه‌ها هێڵی سپی كه‌نار و ناوه‌ندی رێگه‌ت نیه، كه‌چی به بڕیاری دانانی كامێرا به شێوه‌یه‌كی چڕ و بۆ ڕوتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك كۆمپانیایه‌ك دێنیته سه‌ر هێڵ و هێشتا هیچ نه‌بووه شیرینی ڕوتانه‌وه‌ی گیرفانی خه‌ڵك ده‌خورێته‌وه، وه‌ك شیرنی نه‌وته‌كه، ئه‌ی كوا به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا، با حكومه‌ت به چوار خاڵ، چوار ڕسته، برا چوار وشه بیسه‌لمێنێت دانانی كامێرای تیژڕه‌وی له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه، حه‌كایه‌ت نا، به‌ڵگه و سه‌لماندن.
3- گواستنه‌وه‌ی گه‌راجی كۆنی سلێمانی بۆ پشت فڕگه‌ی سلێمانی و به‌خشینی زه‌وی گه‌راجه كۆنه‌كه، له بیركردنه‌وه و داهێنانی كێ بوو، كوا پارێزگار، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، شاره‌وانی و هه‌تا دوای هاتن سوده‌كانی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه به خه‌ڵك بڵێن و بیسه‌لمێنن ئه‌م كاره له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه، له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و پیره‌مێرده نه‌خۆشه‌یشه كه ده‌بێت له ناو شاره‌وه ته‌كسیه‌ك به كۆڵێ پاره بگرێ تا ده‌گاته ته‌رمیناڵه مۆدێرنه‌كه‌ی شار!
4- ده‌بێت له دروستكردنی باخ و ڤێللا و هه‌ڵكه‌ندی بیر به قوڵایی سه‌دان مه‌تر و دزینی ئاو لێره و له‌وێ چ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیی گشتی هه‌بێت، ئێستا كه له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو سه‌رپێچییه داد و بێداد به‌رز بوه‌ته‌وه، گه‌لۆ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كێ بوون ئه‌وانه‌ی ئاوه‌كه‌یان رشت، حكومه‌ت خۆی وێرانیی دروست ده‌كات و دواتریش به شێوه‌یه‌كی تر به‌رده‌بێته وێزه‌ی گشت، له كاتێكا خه‌ڵكی ئاسایی بۆ هه‌ر چه‌وتیه‌ك زۆر دره‌نگتر چاو له نه‌هه‌نگه‌كان و پیاوه زله‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.
5- كویس بوون و توڕه بوون و هه‌ڵچوون و هه‌ڕه‌شه و تۆمه‌ت و بوختان و تانه و ته‌شه‌ری ناوێ، كابینه‌ی نۆیه‌م له كورتترین ناولێناندا هه‌قه پێی بووترێ كابینه‌ی سته‌م، ئه‌مه منیش نه‌یڵێم گه‌نجه گیرفانخاڵیه‌كانی شیلادزێ و بادینان ده‌یڵێن، كه له‌سه‌ر ئازادیی بیروڕا و داكۆكی له كه‌رامه‌ت ده‌ستگیركراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج