محه‌ممه‌د حه‌كیم 03/07/2025 55 جار خوێنراوەتەوە

سەقامگیری شادەماری سەرکەوتنە

سەقامگیری بۆ کاری سیاسی و حیزبی یەکەمین هەنگاوی بەرەو سەرکەوتنە، بۆیە پێش هەر شتێک هێزی سیاسی دەبێت هەوڵی سەقامگیری بدات، گەر هەبوو ئەوا دەبێت جێگیرتری بکات و لە تێکچونیشدا دەبێت بیگێڕێتەوە، ئێمە ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە لە سەقامگیری بڕوانین بەڵکو سەقامگیری لە تەواوی جومگەکاندا زامنی سەقامگیری گشتیە، لەق بونی سەقامگیری هەریەکێك لەو جومگانە کەلێنی گەورە بۆ هێزەکە دروست دەکات.

لە ئێستادا کۆمەڵ لەبەردەم دوو هەنگاوی گرنگدایە کە یەکەمیان کۆنگرەیە و دوەمیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، بۆ هەردوکیشیان کۆمەڵ بۆئەوەی سەرکەوتووبێت پێویستی بە جێگیرکردنی سەقامگیری زیاتر هەیە لە ڕووی سیاسی و فیکری و پەروەردەیی و ئیداریەوەو ئەبێ هەموان کار بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری زیاتربکەین بە تایبەت لە نێوخۆی حیزب وتۆکمەکردنی ریزەکانی ولە ئاستی دەرەوەش خۆ بەدووربگرین لە شەڕی لابەلاو بچوک کە نە خەمی خەڵکە ونە لە ستراتیژیەتی کاری ئێمەیە ، بۆیە دەبێت پێکەوە لە کۆنگرەدا سەقامگیری جێگیرتر بکەین تا بتوانین باشتر ڕووبەرووی ئەو ناسەقامگیریە ببینەوە کە نەیارەکانی دەیانەوێ دیواری ئەم هێزە ببڕێ، ئەوەی لە ڕابردوودا کراوە بۆ مانەوە و کاریگەربوونی ئەم هێزە بەرهەمی خوێنی شەهیدان وشەونخونی و قوربانیدان و لە خۆبوردی بوە لە دەنگدەرێکەوە بیگرە تا ئەندامی خاوەن ئەرکی ئامانجدار.

بۆیە بۆ بەهێزکردنی ئەم سەقامگیریە پێویستمان بە وردەکاری و سەرنجی زیاترە، بەجۆرێك کە هیچ قسە و قسە ڵۆکێك بەکەم تەماشا نەکەین و بێخەم نەبین لەوەی ئێمە دەمانەوێ بگەینە کوێ و ئەوانیتر دەیانەوێ بمانگەیەننە کوێ.
کۆمەڵی دادگەری ئامانجێکی گەورە و بەرپرسیارێتیەکی ئاینی و نیشتمانیە، ئەرکی هەموومانە بە ڕووئیایەکی روونتر و بەرپرسانەترەوە هەنگاو بۆ سەرخستنی ئەم کۆنگرەیە بدەین و بیکەینە زەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە جۆرێک کە ئێمە ئەوەی لەسەرمانە خستنەگەڕی تواناکانمانە بۆ پرۆژەیەک کە لە پێناو چاکەی گشتیدا بنیادنراوە و چاوەڕێی پاداشتی قیامەتیشی لێدەکەین بەهۆی ئەو ئامانجە شەرعی و گشتیانەی کەلەسەری دامەزراوە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پشوو درێژی و هەوڵی سەرکەوتن و بەگەڕ خستنی تواناکانمانە، لەگەڵ دوور کەوتنەوە لە هەموو ئەو شتانەی سەرقاڵمان دەکەن بە شتی لاوەکی و لە ئامانجەکانمان دوورمان دەخەنەوە، ئەبێ ئەندام وکادری ئێمە گەورەتر بیربکاتەوەو دوورتر بڕوانێت وحەکیمانەتر مامەڵە بکات ومتمانەی زیاتری بە سەروی خۆی هەبێت وهەر شتێک لە ئامانجە پیڕۆزەکە دووری دەخاتەوە لە خۆی قەدەغەکات.

هەندێك وێستگە پێویستی بە کاری زیاتر و هەوڵی جدیترە بۆ سەرکەوتن کە سوپاس بۆخوا کۆمەڵی دادگەری ئەوەندە خەڵکی بەتوانا و دڵسۆزی هەیە کە بتوانێت کۆنگرە بکاتە وێستگەی چەسپاندنی سەقامگیری زیاتر و هەڵبژاردنیش بکاتە وێستگەی سەرکەوتن .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌ممه‌د حه‌كیم

سەرەتا