محه‌ممه‌د حه‌كیم 23/05/2023 242 جار خوێنراوەتەوە

ھەرێم بە کێڵگە تێگەشتون؟


دوو لایەنی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان، وەكو کێڵگەیەکی کشتوکاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، ھەر کات تەباو بێگرفت بن، بەروبومەکەی پێکەوە دەدورنەوە و دەیخۆن وھەرکاتیش ناکۆك بوون، کێڵگەکە دەسوتێنن، بەبێئەوەی هیچ حسابێك بۆ هاوڵاتیان و لایەنەکانی تر بکەن.

ئەم دەسەڵاتە چاوەڕوانیان لە هێزەکان، وەکو چاوەڕوانیانە لە نوێنەری پێکھاتەکان وھەندێك وردە دوکانی حیزبیە، هەرچیانوت و هەرچیانکرد بەدویان کەون، کەی ویستیان پەڕلەمان درێژدەکەنەوە وپاشان شەش مانگ لە حکومەت جیا دەبنەوە ودواتر بە نێوەڕۆخوانێک ئاشت دەبنەوە، دواتر شەڕەکە دەبەنە پەڕلەمان و لەوێ هەمووشت تێکدەدەنەوە.

گرفتەکە لەوەدایە: ئەم یارییە ناشرینەی ئەمڕۆی پەڕلەمان، بە نیشتیمانپەروەری پێمان دەفرۆشنەوە و زۆر ئاسان پێماندەڵێن: ئێمە لە خەمی پرسی دیموکراسیەت و و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتین، هەربۆیە کۆمسیۆنمان کاراکردەوە، ئەوی دیکەشیان دەڵێت: بۆیە دژی وەستاینەوە، لە کاتێکدا هەموان باش دەزانین ھیچ لایەکتان باوەڕتان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە، تا چەک و پارەتان هەبێت، خۆتان بە خاوەنی کێڵگەکە دەزانن، لە خواردنی بەروبومەکەیەوە تا سوتاندنی.

لە راستیشدا بۆ نوێنەری پێکھاتەکان، ئەمڕۆ باشترین بەڵگەبوو کە سەربەخۆ نین و نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان ناکەن و، پێداگیریتان لەسەر مانەوەی شێوازی هەڵبژاردن وەک رابردوو، بەردەوامی ومانەوەتانە لەسەر ئەم سیاسەتە، کە قازانجەکەی بۆ چەند کەسێکە و پێکھاتەکان لێی مەحرومن.
لە ئێستاشدا دۆخی ھەرێم ناڕوونە و ونازانم ھێزەکانی تر چیان پێدەکرێت لەم نێوەندەدا، چونکە ئەوانیش خاوەن دیدگاو بەرنامەی ھاوبەش نین و بگرە لە یەکتریش لە سەنگەرن و هەموو ناتەباییەکی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش، خزمەت بەمانەوەی ئەم دۆخە ناڕوونە دەکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌ممه‌د حه‌كیم

سەرەتا