محهممهد حهكیم
06/10/2020
504 جار خوێنراوەتەوە
ئەقڵیەتی حوکمرانی حەزرەتی یوسف و کابینەکانی ھەڕێم
کاتێک مەترسی و کێشەی ئابوری روو لە میسر دەکات، حاكمی وڵات بۆ چارەسەر ڕاوێژ بە
پێغەمبەر یوسف (سەلات و سەلامی خوای لەسەر بێ)ئەکات و ئەویش هەرزوو لە بابەتەکە
تێدەگات و پلانێکی پانزە ساڵی بە سێ قۆناغ ئەخاتە بەردەستیان، لە کرۆکی کێشەو
پێشھاتەکان تێدەگات و پێیان دەڵێت قۆناغێکی خۆش و بەرەکەتدار و گەشەداری حەوت ساڵە
لە پێشتانە، بەڵام بە دوایدا حەوت ساڵی وشک و نەبونی و بێ بارانی چاوڕێتانە و ساڵی
پانزەیەم دووبارە نیعمەت و بەرەکەتی خوا ئەڕژێ بە سەرتاندا، بۆ ھەر قۆناغێک پلان
و نەخشەی دیاریکرد و دواتر بۆ خۆی جێبەجێیكرد و ئەوەش گەلی میسری رزگارکرد.
كورتەی فەلسەفەی تێپەڕاندنی سەختیەكە ئەوە بوو كە لە
ساڵانی نیعمەت و هەبوونیدا دەستبگرنەوە و لێیبھەڵگرن بۆ ساڵانی وشک و نەبوونی !
بەڵام حەقە بپرسین پاش ڕاپەرین و رزگاربوون لە ڕژێمی
دیکتاتۆر چەند ساڵ برسێتی و نەبوونی و ئابلوقەمان بینی و خۆشمان حوکمران بوین وەک
کورد، دوای روخانی ڕژێم و تا چەندین ساڵ خێرو بەرەکەت و پارەو پول ڕژا بە سەر
حوکمرانانی کوردستان، دەوترێ كە بریمەر بە سێ کۆپتەر دۆلاری بۆ ھێنان ! لە جیایی
دەستپێوە گرتن و کەم خەرجکردن و بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و کشتوکاڵ و بوژانەوەی
گوندەکان و ھەڵگرتنی کەمێ لەو پارەو دۆلارانە و پەرش و بڵاونەکردنی و نەبەخشینەوەی
بۆ مەرامی حیزبی و کەسی و خانەوادەیی، دانەمەزراندن بە لێشاو و بێ پلان لە پێناو
کێبرکێی حیزبی و بە خشینی پارەو زەوی و زاری کوردستان بەسەر زۆری ناموستەحەقدا و
ھەندێكجار بۆ عێراقی و عەرەبی و ئەملاوئەولاش، بە دامەزڕاندی ھێزی گەورە گەورە
بۆ پاراستنی دەست و پێوەندەكانیان ھەرگیز بیریان لای ئەمڕۆ نەبوو؟ بیریان نەبوو
کە نەبونی و نەداریش پێدەچێت لە رێگە بێت و بێ پلان بوون و هیچ حسابێكیان بۆ
ئێستا نەكرد، کە بۆی ھەیە نەوت دابەزێ و عێراق وەک پێشوو نەمێنێ و وای لێبێت
نەتوانن مووچە بدەن، ھەر وەکو ئەوەی ئەمڕۆ بەسەریان ھاتوە !
بۆیە ئێوە گلەیی ٢٩ ساڵتان قابیلە و ناتوانین پۆزش بۆ بێ
پلانی و بێ نەخشەیی ساڵانی پێشوتان بھێنینەوە و سودی نیە لە گەڵتان !
چونكە ئەوەی لە ڕابردوودا كرا ئێوە و ستافەكانی ئێوە
بوون، ئێوە نەتانتوانی پلانتان هەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لەبەردەم
بەرپرسیارێتیدا خۆتان دەربازكەن، چونكە ئێوە بەرپرسی دروستبونی ئەم دۆخەن، وتنی
بەغدا پارە نانێرێ و نەوت دابەزیوە و مافیای نیوخۆی خۆتان رێگربێ لە چاکسازی،
دادتان نادات !
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم