محهممهد حهكیم
23/07/2023
290 جار خوێنراوەتەوە
کەیسی شێروان شێروانی و نا سەربەخۆیی دادگاکان
دەسەڵاتی دادوەری، پایەیەکی سەرەکی هەر سیستمێکی حکومڕانییە، چەسپاندنی دادگەریی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی، وابەستەی ڕۆڵی سەربەخۆیانەی دادگاکانە، هەر کات پایەی دادوەری لەق بوو، ئەوە هیج بەهایەك بۆ حکومڕانی باش نامێنێتەوە و تەواوی کایەکان نیشانەی پرسیاریان دەچێتە سەر، دەکرێت زیندان لە شوێنی تاوانبارانەوە، بگۆڕێت بۆ شوێنی خەڵکی باش و سیاسی و ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان.
خۆشبەختانە دۆسییەی شێروان شێروانی، دۆسیەیەکی ئاشکرا و بەرچاوە، لە ڕێگەی ژمارەیەك پەرلەمانتار و ڕێکخراوی نێوخۆیی و بیانی و ڕاگەیاندنەوە، بەڵام پرسی ناسەبەرخۆیی دادگاکان، تەنها لەیەك دۆسیەدا کۆتایی نایەت و ئەم بێ متمانەیی و نیشانەی پرسیارە، درێژکراوەی دەیان دۆسیەی تری شاراوە و ئاشکرای ئەم هەرێمەیە، چونکە لەم هەرێمەی ئێمەدا، چەندین کەیسی خەڵکی بێسەروشوێنکراوی چەند ساڵەمان هەیەو چەندین زیندانیکراومان هەیە، کە چەندین ساڵیان بێ دادگاییکردن لە زیندانەکاندا بردووەتەسەر، کەم نین ئەو منداڵانەی ئەوە بۆ زیاتر لە پازدە ساڵە چاوەڕێی هەواڵی بێسەروشوێنی باوکیان دەکەن، باوکێك کە نەدادگای بینیوە و نەکەس دەزانێت لە چ زیندانێکدایە، تەنانەت نازانرێت ئاخۆ ماون یان لە نێوبراون.
دۆخی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەوێ، چونکە ئەوە تەنها دادگاکان نین بەلاڕیدابراون، بەڵکو زۆر لە دامەزراوەو سێکتەرەکانی ئەم هەرێمە لە مەرامی خۆیان لایانپیدراوەو پێویستیان بە گۆڕانکاری و چاکسازی هەیە، تاوەکو بخرێنەوە سەر سکەی راستەقینەی خۆیان، کە خزمەتکردنی خەڵکی و بەرژەوەندی گشتیی و پرۆسەی حکومڕانیەکی ڕەشیدە، بە پێچەوانەشەوە هەمووان دوای لە دەستدانی هەموو شتێك، جگە لە گەستنی پەنجەی پەشیمانی هیچ شتێک نامێنێتەوە.
ئەوکاتیش گەر هاوڵاتیان جارێک زەرەرمەندبن، ئەوا دەسەڵاتداران هەزارەها جار زەرەرمەند دەبن و باجی ئەم دۆخە خراپە دەدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم