محهممهد حهكیم
12/11/2024
172 جار خوێنراوەتەوە
کورد نابێتە هاوپەیمانی خوێنڕێژی سەدە
وەزیری نوێی دەرەوەی قەوارەی خوێنڕێژ پێشنیاری هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد دەکات و دەیەوێت خۆیان و قەوارەکەیان بە دلسۆزی پرسەکانی کورد بزانن، لە کاتێکدا ئێمەی میللەتی کورد زۆر باش لەو هاوسۆزیە ساختەیە تێدەگەین و دەشزانین ئەوە خەمخۆری و دلسۆزی نیە بەڵکو لە دژایەتی تورکیاو ئێران و بەرژەوەندیەکانی خۆتانە وایکردوە کە ئەو قسانەتان بەزاردا بێت.
لە ڕاستیدا ئێمەی میللەتی کورد هاوسۆزو هاو ئازاری میللەتی ستەملێکراوی فەلەستینین نەك خوێنڕێژانی سەدە و ئەوانەی هەرچی ئاگرو ئاسن و بۆمب و چەکی قەدەغە کراو هەیە بەسەر ژن و منداڵی فەلەستیندا باراندیان و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و ئەمەش دەبێتە خوێنڕشتنی سەدە، لە بەرامبەردا هەموو ئەو وڵاتانەی دابەشکاری خاکی کورد بوون ئێستا بێدەنگن بەرامبەر کۆمەڵکوژیەکانی رژێمی خوێنڕێژی قەوارەی ئیسرائیل و پشتیوانی دەکەن.
بۆیە دەلێین ئێمەی کورد و ئێوەی خوێنڕێژ زۆر لەیەك دوورین و هیچ کاتێكیش ڕێگایەکمان نیە بۆ نزیکبونەوە لەگەڵ ستەمکار و هەر کەس و گروپێكیش دۆستایەتیتان بکات یان بیری لێبکاتەوە بەر نەفرەتی میللەتی کورد دەکەوێت و جگە لە خیانەت و خۆ فرۆشی هیچی بۆ نامێنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم