محهممهد حهكیم
25/01/2024
201 جار خوێنراوەتەوە
دۆخی هەرێم لە بەرچاو بگرن
موشەکبارانی شاری
هەولێر، لە ئاستی ناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچەکەو جیهان ئیدانەکراو دەنگدانەوەیەکی سیاسی هەبوو، لێکەوتەوە و هاوسۆزییەکی
فراوانی بۆ دروستبوو.
بەڵام ئەوەی
گرنگە، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم بۆردومانە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ
ئەم جۆرە ئاریشانە، وردی و هەستیاری زۆری پێویستە، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووبارە نەبنەوە.
بۆیە هەر جۆرە
کاردانەوەیەك لە بەرامبەر ئەم گرفتە ئەمنیانەدا، ئەگەر دیراسەکراو نەبێت، ئەوا لێکەوتە
نەرێنییەکانی کارەساتەکە زیاد دەکات!
هەندێك جار لێدوانێك،
یان کاردانەوەیەکی هەڵە، گرفتی نوێ دەسازێنێت کە چارەسەریان چەند هێندەی چارەسەری
گرفتەکەی پێشتر قورستر دەبێت، بۆیە ئەوەی گرنگە هەنگاوەکانی داهاتوو لە ئاست دۆخی
هەرێمدا بن و دۆخی ناجێگیری ناوچەکە لەبەرچاو بگرن، چونکە هەندێك جار کاردانەوەکان
مەحکومن بە دۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکەی ناوچەکە، وێڕای توانای خۆت.
لە ئێستادا دۆخی
ئەمنی ناوچەکە لە کوڵانێکی بێدەنگدایە، وڵاتانی بەهێز خاوەن درۆن و موشەکی بالیستی،
خۆیان لە قوڵبوونەوەی گرفتەکان لادەدەن و بە وردی و هەستیارییەوە کاردانەوەیان لەگەڵ
رووداوەکان دەبێت و هەوڵ دەدەن خۆیان و وڵاتەکانیان رووبەروی گرفتێک نەکەنەوە، کە لە
رووەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە لاوازیانکات.
ئەوە بۆ هەرێمی
کوردستان، کە گیرۆدەی چەندین قەیرانە، ئەولاترە و لە هەمووان زیاتر پێویستی بە سیاسەتی
حەکیمانەی هاوسەنگ هەیە!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم