محهممهد حهكیم
14/12/2025
94 جار خوێنراوەتەوە
لەوە زیاتر ناخۆشی مەکەن!
کە منداڵ بووم ئەمبینی باوکم لە پرسەی ماڵی خزمێکمان ٣ شەو ڕۆژی بەشدار دەبوو
لە کاتێکدا نێوانیشیان باش نەبوو، ڕۆژێک لێم پرسی باوە کە تۆ نێوانتان باش نیە چۆن
وا بەخەمی بەشداری پرسەکەیەوەیت ووتی: کورم ئەبێ لە نارەحەتی وناخۆشیەکان پێکەوە بین
لە گەڵ خزم وهاوسێ و نابێ لەیەک دابڕێین.
ئەم وەڵامە لەو کاتەدا زۆر لام ئاسایی بوو، دواتر کە فامم کردەوە بینیم ئاینی
ئیسلامیش وا ئەمرمان پێ ئەکات.
لێرەدا مەبەستم پەردەپۆشکردنی هۆکارەکانی لافاو و کەمتەرخەمیەکان نیە و دژی
پیشەی ڕۆژنامە نوسیش نیم بەڵام ناکڕی مامەڵەی نابەرپرسانە ببینین و بێدەنگبین،
چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ کارەسات و حاڵەتە مرۆییەکاندا دەبێت مرۆڤانە مامەڵە بکرێت،
دەبێت هەموان بەرپرسانە و دۆستانە پێکەوە بین و تەواوی خیلافەکانمان بخەینە لاوە،
نەك سەرقاڵی ململانێی ناشەریفانە، ناکرێ بەناوی میدیاوە ئەتکی میدیا بکەیت و بەناوی
میدیاکارەوە لە بەهای میدیاکاری بهێنیتە خوارەوە تا ئاستی بێ شەرمی.
لافاوەکە چوەتە نێو ماڵەکان بێ ئەوەی یەک جیاوازی لە نێوانیانا بکا، کۆڵانەکان
پڕبوون لە ئاو ماڵ و گیانی خەڵکی کردە قوربانی، بێ ئەوەی لە رەنگ و ئینتیمای سیاسی
کەسیان بپرسێتەوە.
بەڵام لە دوای کارەساتەکەوە ڕووماڵی هەندێك میدیا زۆر نا بەرپرسانە بوو، هۆکاری
تورەیی و پەرتی و بارگرانی زیاتر کرد، لە کاتێکدا خەڵکە قوربانیدەرەکەی ڕابردوو
جاريکیتر قوربانی دایەوە.
ئاخر چەمچەماڵییەکان بە هەموو رەنگەکانەوە لەوەپەری ناخۆشیدا بوون کەچی نەك
لافاو خوێنڕشتنیشیان بردە بەردەم ماڵەکانیان.
هیوادارم هەردوو لایەنی دەسەڵات و میدیاکانیان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و لەوە
زیاتر ناخۆشی شارەکانمان ناخۆشتر نەکەن وکارەساتە سروشتیەکان بۆ ململانێی نێوانیان
نەقۆزنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم