محه‌ممه‌د حه‌كیم 09/10/2022 264 جار خوێنراوەتەوە

لە ژێر پەردەی دیموکراسیەت دا

دواجار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار درێژکرایەوە.

گەر ئێستا لە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێم سەبارەت بەم درێژکردنەوەیەی پەرلەمان پرسیاریان ئاراستە بکەیت، ئەوا بەبێ وەستان پێتدەڵێن: ئەو دیموکراسیەت و رای زۆرینەیە، بۆیە من گاڵتەم بەوە دێت بوترێ نمونەیەکی ناشرینیان پیشانی دونیادا، چونکە من پێموایە ئەو دونیای دەرەوە خۆی پاڵپشتی ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەیە لەم ناوچانە تا لە بەرژوەندیان بێت .

 بۆیە پرۆسەی نایاسایی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بە پاساوی زۆرینە کە بنەمای دیموکراسیەتە ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا خودی پرۆسەی هەڵبژاردن و پرسی زۆرینەبوون، لە ژێر پرسیاری جدیدایە.

وە هەر کایەیەکیتری سیاسی لەم وڵاتە و لە ناوچەکەو جیھانیش بگری، ئەوا خاوەن هێزەکان بە ناوی ئەم چەمکە ناشرینکراوەوە، ستەم لە بەرامبەرەکانیان دەکەن،  وە هەر بڕیارێک بیانەوێت و لە بەرژەوەندیاندابێت بە پاساوی زۆرینە و کەمینەی دیموکراسیەت تێیدەپەڕێنن، لە کاتێکدا لە بنچینەدا لە سەر هەردوو بنەمای هێزوو بەرژەوەندی بڕیارەکان دەدەن و بەرگی دیموکراسیەتی بەبەردا دەکەن.

بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە ئەم چەمکی زۆرینەو کەمینەیە کە یاسایەکی دروستکراوی مرۆڤەکانە، قسەی جدی لەسەر بکرێت و بەم شێوازەی ئێستا هەیە ئیدانە بکرێت، یان ئەوەتا زۆرینەبوون و کەمینە بوون، رێکاری ئاسایی و یاسایی خۆیان وەربگرن، دوور لە دەستوەردان و تەزویر و فشار و بەکارهێنانی پێگەی هێز، چونکە ناکرێت لە ھەر وڵاتێکدا رێژەی راستەقینەی دەنگدان نەگاتە ٣٠٪‏ وئەوانەی لەو رێژە کەمە زۆرینەیان بەدەستهێناوە! بەناوی زۆرینەوە بڕیاربدەن، لە کاتێکدا دەنگەکانیان بە بەراورد بە ژمارەی دەنگدەران کەمتر دەبێت ٪٢٠ی، دواتر هەر ئەم رێژە کەمە بەناوی زۆرینەوە دەسەڵات بگرنەدەست و بە بەرامبەرەکانیان بڵێن کەمینە، لە بنەمادا هەردوولا کەمینەن بەراورد بە ژمارەی دەنگدەران، بەهۆی بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان و ژمارەی دەنگی سوتێنراو، لە ئەنجامی ئەو بێهیواییە گەورەیەی بوونی هەیە کە لێکەوتەی بێ بەهاکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووە.

دواتر هاوڵاتیان حەقیانە پاش ئەزمونی بەشداری ھەندێك هێز لە دەسەڵات، ئەوا لە هێزەکانیتریش بکەونە گومان و بڵێن کێ دەڵێت ئێوەش راستەکەن لەگەڵ بەڵێنەکانتان! هەر ئەم پرسیارە لێکەوتەی زۆر بێهیواکەری دەبێت و کاریگەری لەسەر بەشداری هەڵبژاردن دادەنێت.

ئەوەی ڕوونە و جێگای لەسەر وەستانە ئەوەیە: کە بەهێزەکان تەواوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بە بەرگی دیموکراسیەوە و بەناوی دەنگی دەنگدەرانەوە بە پرۆسەی زۆرینەوکەمینەدا هەڵدەواسن .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌ممه‌د حه‌كیم

سەرەتا