محه‌ممه‌د حه‌كیم 30/11/2024 399 جار خوێنراوەتەوە

هاوکێشە ئاڵۆزەکانی سەردەم و ئەرکی ئیسلامیيەکان

 

سەردەمی پڕ لە ململانێی زڵهێزەکانە و چەقی ململانێیەکانیش رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ڕۆژ بە ڕۆژ ناوچەکە گرژی و ململانێی زیاتر بە خۆیەوە ئەبینێت و جۆگەلەی خوێن لە چەند شوێنێکی ناوچەکە ڕێرەوی وەرگرتوە و ئەستەمە وشک بکات، لە هەندێک جێگەش بە زەقی دیارە کە بەرژەوەندیی لایەنەکانی ململانێ ئاشتی بەرقەرار ئەکات، یان شەر هەڵئەگیرسێنێت و ئەمەش بە ئاشکرا لە سوریا بەرجەستەیە، بۆیە ئەبێت لەو گۆشە نیگایەوە بڕوانینە پەرەسەندنەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی، بە دڵنییایەوە یان شانۆگەرییەکی هەندێک لایەنی ململانێیەکانن، یاخود هەڵەی دەوڵەتێکی پشت هێزە جوڵاوەکانە و لە ئەنجامیشدا زەرەری زیاتر روو لە ناوچەکە و دانیشتوانەکەی ئەکات.

لێرەشەوە و لەبەر ئەوەی ئیسلامیی و جوڵە ئیسلامییەکان ناو ئەهێنرێن لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە و من بە پێی ئەزمونی چەند ساڵەم و خوێندنەوەم بۆ هاوکێشە سیاسییەکان ئەڵێم ئەرکی هەموو ڕەوت و بزووتنەوە ئیسلامییەکانە کە کاری ئیسلامیی و موسڵمانان و گەنجەکانیان لەم ململانێیانە بپارێزن و ئەکرێت بۆ پاراستنی گیانی موسڵمانان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ هاوكێشەکان، بەڵام ئەبێت سەدجار وریابن و خۆدووربگرن لە بە فیڕۆدانی خوێنی گەنجەکان و نەیانکەنە سوتەمەنیی ئاگری هاوکێشەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی، هیچ وڵاتێک شک نابەم بەرنامە و سیاسەتی شایەن بەوە بێت خوێنی یەک گەنجی موسڵمانی لە پێناودا بۆ بڕێژرێت.

تکاشم وایە لە هەموو موسڵمانێک زوو بە ڕوخساری دەرەکیی پێشهات و گۆرانکارییەکان دڵخۆش نەبن و چاوەڕێی کۆتایی بکەن و ڕەچاوی حەقیقەتی ڕوداوەکان بکەن و سۆزدارانە تێ نەکەون!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌ممه‌د حه‌كیم

سەرەتا