محهممهد حهكیم
03/10/2021
470 جار خوێنراوەتەوە
بۆ جێگەی شانازیمانە؟
ساڵانێکە لە خزمەتی جەنابیاندام، له زۆر ھەوراز و نشێو لە گەڵیاندا بووم.
زۆرن ھەڵوێست و کردارو پێشبینییەکانی کە ئاماژەیان پێ بدەم، بەڵام ئەمجارە تەنھا لەسەر ھەڵوێستێکی ناوازەو گەورەی دەدوێم کە کەم کەس ئەتوانێ بینوێنێ، هەر بۆیە لەو ڕۆژەدا شانازییم کرد کە ئەو ئەمیرو سەرۆکمە.
ئەو دوو ساڵەی بە ناھەق زیندان کرا دوو ساڵی ناڕەحەت بوو بۆ ئێمەو، ڕۆژانە چاوەروانی ھەواڵێکی خۆشبوین کە پێمان بگات، لەو ماوەیەدا و پێش ئازاد بوونی بە چەند مانگێک و پاش چەند جار ھەوڵدان دواجار لە رێی دکتۆر بەرھەمەوە چاومان بە مامۆستا کەوت، ئێمە ناڕەحەت و ئەویش وەک شاخ لە ورەدا، وتمان وەعدە ئەم یەک دوو ھەفتە ئازاد ببیت، زەردەخەنەیەکی کردو فەرموی زیاترم ماوە لێرە!
ڕۆژی ٢٧ -٤ -٢٠٠٥ جەنابی مام جەلال ئاگاداری کردین کە بەپەلە بچنە بەغداو کاک پشۆ دزەیی وەک وەکیلی وەزیری دادی عێراقی راسپێراوە بە وەرگرتنی مامۆستا لە ئەمریکییەکان، ئێمە نزیک عەسر گەیشتینە ماڵ کاک پشۆ و پێش مەغرب گەرایەوە وتی مامۆستا محهمهد؟
وتم بەڵێ، وتی مامۆستا زۆر عینادە!
وتم بۆ، وتی تا ئێستا ئەمریکا ھەر کەسی ئازاد کردووە بەڵێننامەیەکی پێ واژوو کردووە و خەڵک خوا خوای بووە رزگاری بێ لە دەستیان، بەڵام ئەم مامۆستایەی ئێوە رازی نەبوو واژوی کات، وتویەتی ئامادەم دە ساڵی تر له زینداندابم واژووی ئەوە ناکەم، بۆیە گەراندیانەوە و منیش بە دەستی بەتاڵ ھاتمەوە، وتم بۆیە ئێمە شانازی پێوە ئەکەین.
دواتر جەنابی مام جەلال داوای کردو چومە کۆشکی سەلام و زۆر دڵخۆش بوو بە ھەڵوێستی مامۆستا و ووتی بەیانی مامۆستا دێتەوەو ئەمریکییەکان ناچارن ناوەرۆکی ئەو نوسینەیان بگۆرن.
دواجار لە مامۆستاوە زانیمان کە ئەمریکا کێی ئازاد کردووە لەو گرتوخانەیە، بەڵێننامەی پێ واژوو کردووە کە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان بێ بۆیە مامۆستا رازی نەبووە واژووی کات.
ئەم سەرۆکەی ئێمە خاوەن ئەم ھەڵوێستانەیە بۆیە جێی شانازییە، چونکە زۆرن ناوی گەورە بەرانبەر دوو ڕۆژ زیندان دوڕاون.
لە ساڵانی پێشویش لە ئۆپۆزسیۆن بوندا ھەڵوێستی خۆی بوو کە وێرای فشارەکان، ھەر وتی ئێمە ھاوڕێی خۆمان جێناھێڵین لە بەر ئەم پشتیوانی و ھەڵوێستانە خۆشەویستانی کاک نەوشیروان ناویان لێنا «پیاوی مەرد».
- محهمهد حهكیم
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم