محه‌ممه‌د حه‌كیم 23/09/2022 338 جار خوێنراوەتەوە

ململاننێیەكی سەخت لەبەردەم خێزان و كۆمەڵگەكەماندایە

وروژاندنی کۆمەڵێك بابەت کە پەیوەستن بە مرۆڤەوە پشتیوانیی  جیھانیی ھەیە، کە شەرعیەت بە ھەندێک لەو بابەتانە دەدەن کە دژ بە فیترەت و خودی‌ مرۆڤه‌، دیاره‌ له‌ پشتی‌ ئه‌مانەوە سیستمێكه‌ دژی فیترەتی مرۆڤ و بەھا و ئایینەکان ڕاوەستاوە، ئەمڕۆ ئاڵنگاریەکانی بەردەم گەلانی مسوڵمان زۆرن و ڕۆژانەشن، ئەمیان کپکەیتەوە بابەتێکی نوێ دێننەوە مەیدان، بۆیە ململانێیەکی درێژخایەنە.

بەرانبەر بەم جوڵە نێودەوڵەتی و جیھانییە كه‌ وڵاتی‌ ئێمه‌ش لێی‌ به‌ده‌ر نییه‌؛ جۆرێک لە خوێندنەوەی ھاوسەنگ و دوور لە توندی ئەوێت، حاشا ھەڵنەگرە ئەم فشارانە ھەرێمیشی گرتوەتەوە و مەرج نیە ھەموو فشارێکیش قبوڵ کرابێت، جوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەیان پێویسته‌ گشگیر و ھەمەرەنگ و ھاوسەنگ و بە توێژینه‌وه‌ بێت.

پێم وایە زانایان، حزب و ڕەوت و ڕێکخراوە ئیسلامیەکا‌ن و شارەزایانی شەریعەت و دامەزراوەکان بۆ ئەم پرسە گشتگیریانە کە پەیوەستن بە ژین و دینی خەڵکەوە ھەماھەنگیان لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان ھەبێت، ئەوەی پێچەوانەی ئاینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بەها بەرزە کۆمەڵایەتیەکانە پێویسته‌ لای ھەموان ھێڵی سور بێت و قبوڵ نه‌كرێت.

شیزاره‌ی‌ خێزان‌ و فیتره‌تی‌ مرۆڤ و به‌ها ئاینییه‌كانن كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مسوڵمانی كوردییان به‌ تۆكمه‌یی و سروشته‌ ئاساییه‌كه‌ هێشتوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستبردن بۆی‌ به‌هه‌ر ڕێگا و شێواز و بیانوویه‌ك مه‌ترسیی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان دروست ئه‌كات و به‌رپرسیارێتی‌ ئاینیی ونیشتیمانی ده‌خاته‌ سه‌رشانمان و نابێ لێی بێدەنگ بین.

ئەبێ ھەموان دژی ھەر کارێک بین کە ڕێپێدراو نیە لە ئیسلامدا، نمونەی ستەم لە ئافرەت و کوشتنیان بە پاساوی بێ بنەما، پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ ئامۆژگاری پیاوانی کردووە کە نەرم و لەسەرخۆ و باشبن لەگەڵ ئافرەتان (استوصوا بالنسا‌ء خیرا)، تێبینی و ڕەخنە و دژایه‌تییه‌كانی‌ ئێمە بۆ ئەو بابەتانە لە پێناو پاراستنی شیرازه‌ی خێزان و شکۆی ئافرەت و مرۆڤ وخەڵکی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتەکانی.

ئومێد ئەکەم وروژاندنی پرسگه‌لێك بۆ لەبیربردنەوەی دەردە گەورەکان نەبێت لەسەرویانەوە گەندەڵی، بەتایبەت کە خولی ئێستای پەرلەمان لە کۆتایی تەمەنیدایە و یاسای لەم جۆرە فرە ڕەھەندە کاتی نیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌ممه‌د حه‌كیم

سەرەتا