محهممهد حهكیم
01/06/2026
80 جار خوێنراوەتەوە
خەمێک لە دڵێکی پڕ ئومێدی ماندووەوە
خوشک و براو هاوڕێ و
هاوکاروانانم سڵاو..
ئەمڕۆ کە ئاوڕێک لە
کاروانی ٢٥ ساڵی ڕابردووم دەدەمەوە، تەمەنێک دەبینم کە لێوانلێوە لە شانازی،
چارەکە سەدەیەک لە شەونخونی و هەڵگرتنی باری قورسی بەرپرسیارێتی.
لەمڕۆدا سەیری خۆم
دەکەم، لاشەیەکی شەکەت و ماندوو و بیمار دەبینم کە خەریکە هێدی هێدی باجی ئەو ساڵە
سەختانە دەدات.
ئەو دەست و قاچانەی
ڕۆژگارێک بەهێزەوە بە چیا سەرکەشەکاندا هەڵدەزنا ئێستا لەرزین و بێتواناییان پێوە
دیارە.
بەڵام دەمەوێت لە
قوڵایی ئەم جەستە ماندووەوە بڵێم: با لاشەم خەستەو ماندوو بێت، گرنگ ئەوەیە (باوەڕ
و ڕوحی من) لەگەڵ ئێوەدا هێشتا ئاوێتەیە و وەک دڵێکی زیندوو لێدەدات.
ئەم ماندوێتییەی من،
هێمای کۆڵنەدانە، نەک کۆتایی، چاوەڕێی سایەبانێکم هەر ساتێک ئۆخژنێ تدابگرم، ئەوسا
لەجاران بەگوڕتر دەمبینن.
لێرەوە ئومێد و هێز
دەبەخشم بە یەک بە یەکتان، چونکە ئێوە کاروانچیە بەردەوامەکەی ئەم کاروانەن، ئەگەر
تەمەن و شەکەتی سۆمای چاومی کز کردبێت بەڵام بە بینینی جم وجۆڵی ئێوە بیناییم ڕوون
دەبێتەوە.
من لەم ساتە بڕست
لێبڕاوەداو لەم دڵە پڕ ئومێدەو دەڵێم: ڕاستە ڕێگاکەمان پڕ دڕک و داڵە بەڵام
پیرۆزە،
بەشبەحاڵی خۆم شانازی
بە هەر ئازارێکەوە دەکەم کە لەم کاروانەدا بە جەستەم گەیشتووە، چونکە دڵنیام لە
دوای ئێمە، دەستی سپی کادیر و ئەندامەکانمان ئاڵای ئەم کۆمەڵە بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
ئەوەی بەهیواوە دەژی
هەرگیز نامرێت، لاشە دەپوکێنەوە، بەڵام بیروباوەڕی ڕاستەقینە لەگەڵ تەمەندا
گەورەتر و بەهێزتر دەبێت.
ئەی کادیرە تێکۆشەرەکان
و ئەندامانی ئایندەی کۆمەڵ ...
وەرن ماندوێتیی ئێمە
بکەنە توێشووی ڕێتان و هێزی ئەژنۆتان با بێهێزتان نەکات، بەڵکو با ببێتە هاندەرێک
بۆتان کە چرکەیەکیش نەوەستن.
دەوای لاشەی نەخۆشی
ئێمە، گڕو تینی ئێوەیە، شیفا بە دڵە پڕ لە ئومێدەکانی ئێوەوەیە، ئێمە وا ئاڵاکەی
دەستمان بە ئەمانەتەوە تەسلیمی ئێوەی دەکەین، دڵنیام کە ئێوە شایستەی ئەو
ئەمانەتەن.
هەمیشە سەربەرز و
سەرکەوتووبن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم