محهممهد حهكیم
21/11/2019
867 جار خوێنراوەتەوە
برادەرانی دەسەڵات، ئەی ھەرێم؟!
محهممهد حهكیم
ماوەیەکە هەندێك لە بەرپرسان و ھاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان و ئێمەمانان و کۆبونەوەکان، ھەموو قسەو باس و چاوەکان لە سەر بەغدایە!
سەرەتا کەس نەڵێت ھاندان دەکەن و خەڵکی جۆش دەدەن، ئێمە لە گەڵ ئەوەدا نین دۆخی ھێمنی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی کوردستان تێکبچێت، بەڵام مافمانە هەندێ قسە بكەین و بڵێین: برادەران، ئەی وەزعی لای خۆمان چی؟!
پێتانوایە ئێرە ”شامی شەریفە”و ھیچ گرفتێك نییەو عەیبی نییە، تا هەركەس دەنگی ناڕازیبوون ھەڵبرێت، یەکسەر تەخوین و تۆمەتبار بکرێت؟ وا دەزانن پارتەکان بە یەکەوە کۆبوونەوە، ئیتر تەواو کوردستان لە سەر سکە دەڕوات و هیچ گرفتێك نەماوە؟
برادەرانی دەسەڵاتدار، شکوری خوا بکەن میللەتێکی بێدەنگ و رازی و بێوەیتان ھەیە، دەنا باری ئێرەش خراپە، وەرن بۆ مێژووی خۆتان و لە بەر ئەم میللەتە باشەی ھەتانە، دەست بە چاکسازی بكەن و لە ھەموو کایەو جومگەکانی دەسەڵات و دامەزراوەکاندا، ھەر یەکەو بە پێی ئاستی بەرپرسیاریەتی، دەست بە گۆڕانکاری و چاکسازی بكات، بۆ نمونە:
دەسەڵاتی دادەوەری و داواکاری گشتیی، پێتانوایە ئێوە پیویستتان بە گۆڕانکاری و چاکسازی نییە؟ ئێوە سوێندتان خواردووە کە یاسا جێ بە جێ بکەن و سەروەریی بپارێزن .. کوا رۆڵتان لە جوڵاندنی مەلەفەکانی گەندەڵی، تا کەی حساب بۆ میزاج و بەرژەوەندی شەخسی وحزبەکان دەکەن؟ ئێوە تەماشای تاوان و سزاکەی بکەن، تەماشا مەکەن تاوانبار چی رەنگە، ئێوە موچەی باش و حورمەتی خۆتان ھەیە، بفەرمون چۆن رۆڵتان کاریگەر دەبێت و ئەنجومەنەکەتان ئەکتیڤ دەبێت وابکەن، با بەرپرسان بێنە دەرگاتان، نەک بە پێچەوانەوە بێت.
من نازانم ئەمە دەسەڵاتی کێیە، بەڵام دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی گەندەڵکاران، ئێستا زەرورو پێویستە بۆ کوردستان ، پاشان گواستنەوەی داواکاری گشتیی بۆ سەر ئەنجومەنی دادوەری و ئەکتیڤبوون و گۆڕانکاری و ھەستان بە ڕۆڵی دەستەی دەستپاکی ، لەولاشەوە رۆڵی چاودێری دارایی و گرنگیدانی حکومەت و پەرلەمان بە راپۆرتەکانی و كار لەسەر كردنیان.
بە کورتی، ئەم ئەنجومەن و دەستانە رۆڵتان گرنگە و تکایە بە رۆڵی خۆتان ھەستن.
ئەما پەرلەمان، ئێوە نوێنەری مللەتن ھەنگاوی جدی بنێن بۆ پەلەکردن لە وەی ئەرکتانە، تاوەکو ھەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستورێک، کە بۆ کەس و حزبەکان نەنووسرێت، با بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان و بەرژەوەندی ئەوان وئایندەی نەوەکان بنووسرێت، پاشان بۆچی پەرلەمان ژمارەی ئەندامانی کەم نەکرێت و ھەمواری یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ بکەن و با ٦٠ ئەندام بێت لە گەڵ ٥ ئەندامیش بۆ پێکھاتەکان و بە پێی دەستوری عێراق، ھەر سەدھەزارو نوێنەرێک .. دانیشتوانی ئێمەش بەداخەوە ھەر شەش ملیۆنە و دواتر بۆ نایەن عەیبداری دەرنەچواندنی یاسای چاکسازی لە خۆتان دووربگرن و دەستکاری موچەکەی خۆتان بکەن، لە ھەشت ملیۆنەوە لانی كەم بیکەن بە شەش، ئەوکات موچەی وەزیریش کەم دەبێت، دواتر خانەنشینی پەڕلەمانتارو وەزیر بە دیاریکردنی رێژەیەک لەو موچەیە یەکلادەبێتەوە و بە (ئەسەری رەجعی) ھەموو خولەکان بگرێتەوە، چونکە ھەر خۆتان چاکسازیتان لە موچەی پلە باڵادا کورت کردۆتەوە بە لێدوانەکانتان کە من پێم وایە لە پێش ئەوە زۆر شتی ھەستیار ھەیە وەک نەەت وگاز وبەرھێنان ودەرمان وشتی تریش ، کە دەستکاری موچەتان کرد ئەوکات دەنگیشتان بەرزتر دەبێت بەرانبەر بە چاکسازی لە سێکتەرەکانی دیكە، بە تایبەت مەلەفی نەوت و گازو وەبەرھێنان و بندیوارو ئەوانی دیكە،هەروەها دەرچواندنی یاسای ”ئەمەت لە کوێ بوو”، گرنگە بۆ ئەم قۆناغە ، چونکە نابێ ئەوانەی بە گەندەڵی ودزی دەوڵەمەند بون چاویان لێپۆشرێت بە تایبەت گەورەکان ، وھیچ کات خەڵک بە ئیجرائات لە گەڵ دزە بچوکەکاندا دڵ خۆش نابێ وەک لە بەغدا دەستیان داوەتێ!
ئەما حکومەت نازانم من دەبیستم گوایە ھەندێك لێپێچینەوە لە گەندەڵەکانی دەڤەری زەرد کراوە و گوایە ھەندێک بەندکراون، من بەمە زۆر خۆشحاڵم گەر وابێت، بەڵام ئەوەی دەیبینم و لەلێدوانەکانی حکومەت و دەیبیستم، زیاتر باس لە زەبتی دەوامی فەرمانبەران دەکرێت، کە ئەمەش کەم نییە و چاکە، بەڵام خەڵکی چاوڕێیە کوردستان یەک زۆن و یەک پێشمەرگەو دارایی و ئاسایش و زانیاری و ھەواڵگری ھەبێت، جیاوازی نێوان ناوچەکان نەکرێت و نەوت و گاز بۆ خەڵکی وشەفاف بێت و ھاوڵاتی دەرەجە یەک و دوو نەمێنێت، هەروەها وەبەرھێنان بە دەست حزب نەبێت و ترسی خەڵکی بڕەوێننەوە، تاکەی ھاوڵاتی لە حزب و دەزگا ئەمنییەکانی بترسێت، حکومەت چۆن بودجەی حزبەکانی بڕی، با ھی کەناڵەکانیش ببڕێت ! ئێوە لە دزە گەورەکان ببپێچنەوە بچوکەکان خۆیان تەسلیم ئەبن و لە نزیکەکانەوە دەستپێبکەن، تۆمبەتبارە مل ئەستورەکان بگرن و تەسلیم بە دادگای بکەن، ھەندێك لە باڵەخانەو گردو شوێنە گشتییەکان کە مولکی گشتین وبە بڕیاری حزبی دەستی بەسەردا گیراوە ویا بەخشراوە بە بەرپرسان ، وەربگرنەوەو بیخەنە موزایەدەو موچەی خوراوی فەرمانبەرانی لێبدەن، بەڵێن بدەن کە چیتر رێگە بە تەزویر نادەن لە ھەڵبژاردنەکاندا، نەک دام و دەزگا حکومییەکان خۆیان پێیھەستن بۆ بەرژوەندی حزبەکان.
زۆر شتی دیكە ھەیە بیڵێین، جارێ با هێندە بەس بێت، ئومێدم وایە ھەنگاوی جدی چاکسازی و گۆڕانکاری ببینین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم